‌ئاشکراکردنی سیخوڕیی دیجیتاڵی کۆماری ئیسلامی لە دژبەرانی بە یارمەتی و کەڵک وەرگرتن لە زیرەکی دەستکرد

کۆمپانیای ئەمریکی ئانترۆپیک لە نوێترین ڕاپۆرتی ئەمنیدا ڕایگەیاندووە کە تۆڕەکانی پەیوەندیدار بە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناسینەوە و بەدواداچوون و تۆمارکردنی دۆسیە لە دژی نەیارانی حکومەت کەڵکیان لە زیرەکی دەستکرد وەرگرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لەو تۆڕانە تەنها لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، چاودێری زیاتر لە ٦ هەزار کەسی کردووە و لێکۆڵینەوەی لە سەر زیاتر لە ١٥٥ هەزار ناوەڕۆکی بڵاوکراوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ ناسینەوەی تاکەکان و پشکنین بۆ پەیوەندی و چالاکییەکانیان کردووە. نەیارانی کۆماری ئیسلامی و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتیش لە ئامانجەکانی ئەو چالاکییانە بوون.

لێکۆڵینەوەکانی کۆمپانیای ئانترۆپیک دەریدەخەن کە ئەم چالاکییە تەنها بە چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار نەبووە. ئەکتەرە پەیوەندیدارەکان بە ئێران، زیرەکی دەستکردی کلۆدیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ئامرازەکانی فیشینگ و بەرنامە زیانبەخشەکان، ناسینەوەی بەکارهێنەرانی بێناو و بەستنەوەی ژمارەی تەلەفۆنەکان بە ناسنامەی ڕاستەقینە. هەندێک لەو ئامرازانە دەتوانن ئەو شتانە تۆمار بکەن کە بەکارهێنەران لەسەر کیبۆردەکە نووسیویانە، وێنەی شاشەی کۆمپیوتەرەکە بگرن و زانیارییەکانی هەڵگیراو لە وێبگەڕەکەدا دەربهێنن و زانیارییەکانی پەیوەست بە تێلێگرام کۆبکەنەوە.

گرنگی ئەم ڕاپۆرتە ئەوە نیشان دەدات کە زیرەکی دەستکرد خەریکە دەبێتە بەشێک لە ئامێری چاودێری و هەواڵگری کۆماری ئیسلامی، ئەم تەکنەلۆژیایە نەک تەنها بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکان بەکارهاتووە، بەڵکو بۆ دیاریکردنی شوێنی تاکەکان و ناسینەوەیان و پەرەپێدانی سیخوڕیی بەکارهێنراوە. هەروەها دۆزینەوەکانی ئانترۆپیک دەریدەخەن کە مەودای ئەم چاودێریکردنە دەتوانێت لە ناوخۆی ئێران زیاتر بێت و ناڕازییان و ئێرانییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بگرێتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین