بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشووە، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردن هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی موجتەبا باباخانی هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “ئیسلامیە”ی سەر بە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام و ئەم چالاکییە، پێکدادان و تەقینەوە لە شوێنەکەی لێ کەوتووەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ گەیشتنیان بە شوێنەکە موجتەبا باباخانییان دەستگیرکردووە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکان نارنجۆکێک تەقیوەتەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە تەقینەوەکەدا موجتەبا باباخانی و دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش لەو هێزانە برینداربوون. سەرچاوەکانی هانا ڕایانگەیاندووە کە تەقینەوەکە لە کاتی گواستنەوەی موجتەبا باباخانی و لە ئەنجامی کارەکانی ئەو ڕوویداوە؛ بەڵام هێشتا هانا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەموو وردەکارییەکانی چۆنیەتی ڕوودانی تەقینەوەکە پشتڕاست بکاتەوە.
دوابەدوای ئەم ڕووداوە، هێزە ئەمنییەکان ماڵی بنەماڵەی باباخانی و دەوروبەرییان گەمارۆداوە. بەپێی دوایین زانیاری کە دەست هانا کەوتووە، ئەم دۆخە تا ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان بەردەوام بووە و شوجاع باباخانی برای موجتەبا باباخانی، هەروەها لە شوێنی ڕووداوەکە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەرگیر بووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە دۆخی شوجاع باباخانی، شوێنی مانەوە، یان
چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بەهۆی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە خۆجێییە سەربەخۆکان و بەردەوامی ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە، لە ئێستادا هانا ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەموو وردەکارییەکان سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردنەکە، چۆنیەتیی ڕوودانی تەقینەوەکە، ژمارەی وردی کوژراو یان بریندارەکان و بارودۆخی شوجاع باباخانی پشتڕاست بکاتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە و لەگەڵ گەیشتن و پشتڕاستکردنەوەی زانیاری زیاتر وردەکاری زیاتر بڵاودەکاتەوە.
