بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، ئێوارەی شەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، شەماڵ فەخرولعولەمایی، ڕاهێنەری وەرزشی تەمەن ٤٠ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی سنە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی سنووری مەریوان گیانی لەدەستداوە.
بەگوتەی سەرچاوەکانی هانا، پاسەوانانی سنوور تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و ئەو بە هۆی بەرکەوتنی گوللە گیانی لەدەست داوە. دوای دوو ڕۆژ لە ڕووداوەکە تەرمی شەماڵ فەخرولعولەمایی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.
هەروەها ئەو زانیارییانەی کە هانا دەستیکەوتووە ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای ڕادەستکردنی تەرمەکە، بنەماڵەکەی گوشاریان خراوەتە سەر و هەڕەشەیان لێکراوە کە خۆیان لە پێدانی زانیاری لەسەر چۆنیەتی کوژرانی شەماڵ و ڕاپۆرتکردنی ئەم بابەتە بۆ میدیاکان بەدوور بگرن.
بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن ئەفسەرانی هێزە چەکدارەکان لە حاڵەتە پێویستەکاندا، بەکارهێنانی چەک لە ناوچە سنوورییەکانیش مەرجی یاسایی هەیە و تەنیا بوون یان جوڵە لە ناوچە سنوورییەکان مۆڵەتی تەقەکردن پێکناهێنێت. ئەفسەرەکان پێویستە، بەپێی حاڵەتەکە، پێشوەختە ئاگادارکردنەوە بدەن و ڕەچاوی ڕێکارە یاساییەکان بکەن لە بەکارهێنانی چەکدا و تەقەکردن دەبێت دوا ئامرازی مومکین بێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکەیان.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هانا بەردەوام پێشێلکاری مەرجە یاساییەکانی بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە کوردستان بەتایبەتی هۆشداری و ئاگادارکردنەوەی کاریگەر پێش تەقەکردنی بەڵگەدار کردووە.
