بەرەبەیانی ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٧ هاوتای ٢ی ئاگۆستی ١٩٨٨ شاری شنۆ و ناوچە نیشتەجێبوونەکانی دەوروبەری کرایە ئامانجی کیمیابارانی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی حزبی بەعسدا. شاندی پسپۆڕی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای سەردانیکردنی شوێنەکە و پشکنینی بریندارەکان و پشکنینی نمونەی ژینگەیی، بەکارهێنانی مادەی کیمیایی خەردەلی پشتڕاستکردەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە نوێنەرایەتی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆماری کردووە، ٢٦٨٠ کەس بەرکەوتەی ئەو ماددە کیمیاییە بوون و ٩١٠ کەسیش لە نەخۆشخانە خەوێندراون. قوربانییەکان زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون کە لە ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبووندا بوون و هیچ ئامرازێکیان نەبوو بۆ دیاریکردنی پیسبوون، پاراستنی کۆئەندامی هەناسەدان و چوونە دەرەوەی سەلامەت. سەرەڕای تێپەڕبوونی سی و هەشت ساڵ، هیچ ئامارێکی گشتگیر لەسەر ژمارەی ئەو کەسانە بڵاونەکراوەتەوە کە بەهۆی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستداوە یان تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی هەناسەدان، چاو و پێست بوون.
بەکارهێنانی مادەی خەردەل لە دژی ناوچەی نیشتەجێبوون پێشێلکارییەکی ئاشکرای قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و بنەمای جیاکردنەوەی ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان و مەرجی پاراستنی دانیشتوانی مەدەنی لە شەڕی چەکدارییە. ئەم هێرشە بەپێی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی وەک تاوانی جەنگ دەناسرێتەوە. هەروەها لێکۆڵینەوە لێی وەک تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی پێویستی بە دامەزراندنی پەیوەندییەکەی بە سیاسەتی بەرفراوان و سیستماتیکی ڕژێمی بەعسەوە هەیە کە چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی مەدەنی و بەتایبەتی دانیشتوانی کورد بەکارهێنابوو.
ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی عێراقی لە سەر لانەبرد. گۆڕانکاریی حکومەت نابێتە هۆی لەدەستدانی کەسایەتی یاسایی دەوڵەت و حکومەتی ئێستای عێراقیش بە بەرپرسیار دەمێنێتەوە لە لێپرسینەوە و هاوکاری لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو کارانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق.
لەگەڵ ئەمەش، کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ پرۆسەیەکی گشتی و کاریگەر و پێوانەکراو بۆ لێپرسینەوە لە حکومەتی عێراق و دەستنیشانکردنی زنجیرەی فەرماندەیی هێرشەکە و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی شنۆ دابمەزرێنێت. ئەم بێکردەوەیە ناتوانرێت وەک تەنها کەمتەرخەمی ئیداری ڕەت بکرێتەوە. بێ بایەخ کردنی دۆسیەی قوربانیانی کورد و ئەولەویەت دانانی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەسەر مافی ڕاستی و دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەیان، بەشێکە لە سیاسەتی هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کوردستان.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای پاراستن و چەسپاندنی تۆمارە پزیشکییەکان و بەڵگەنامەی کارگێڕی و بڕوانامەی مردن و ئیفادەی ڕزگاربووان و بڵاوکردنەوەی ئاماری ورد لەسەر ژمارەی قوربانییەکان و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی هێرشەکە دەکات. هەروەها دەبێت حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ پێشکەش بکات و زانیاری لەسەر ئەو یەکە سەربازییەی تێوەگلاوە و بنکەی سەرچاوە و جۆری تەقەمەنی و زنجیرەی فەرماندەیی تێدا بێت.
تێپەڕبوونی کات بەرپرسیارێتی نەسڕیوەتەوە. قوربانیانی شنۆ مافی ئەوەیان هەیە کە ڕاستی هێرشەکە بە تەواوی تۆمار بکرێت و ئەنجامدەر و فەرماندەکانی پشت ئەو هێرشە دەستنیشان بکرێت و زیانە جەستەیی و دەروونی و ماددییەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر قەرەبوو بکرێتەوە.
