کۆڵبەری یەکێکە لە ئاشکراترین دەرئەنجامەکانی بە دامەزراوەیی کردنی هەژاریی ، بێکاریی بەرفراوان و سیاسەتی پەراوێزخستنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان. زۆرینەی کۆڵبەران نەک بە هەڵبژاردنی ئازادانە، بەڵکو بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ناچار دەبن بار لە ڕێگا شاخاویی و مەترسیدارەکاندا بگوازنەوە. کەوتنەخوارێ لە بەرزایی، سەرمابردن، تەقینەوەی مین، دەستبەسەرکردن، دەستگرتن بە سەر کاڵا و تەقەی هێزە سنوورییەکان، تەنیا بەشێکن لەو مەترسییانەی کە ئەم کرێکارە هەژارانە بەردەوام لەسەر رێگایانە .
یاسای«ڕێکخستن و چاودێریکردنی بازرگانی سنووری، کۆڵبەری و مەلەوانی و دروستکردنی هەلی کاری بەردەوام بۆ سنوورنیشینان»ی ساڵی ١٤٠٢ و ڕێنمایی جێبەجێکردنی ئەو، کۆڵبەری تەنیا بە شێوەیەکی سنووردار لە چوارچێوەی ڕێسای بازرگانی و گومرکدا ناساندووە. بەڵام، ئەم ناساندنە پەیوەندی بە کاڵا و ڕێوشوێنی هێنانە ژوورەوەی هەیە، نەک بە مافە مرۆیی و پیشەییەکانی کۆڵبەر. لەم ڕێسایانەدا، هیچ گەرەنتییەکی ڕوون سەبارەت بە کەمترین مووچە، کاتژمێرەکانی کار، کێشی ڕێگەپێدراوی بار، ڕێگای پارێزراو، کەرەستەکانی پاراستن، بیمەی ڕووداو، مووچەی نەخۆشی و پشتگیری لە خێزانی کۆڵبەرانی گیانیان لەدەستداو نییە. کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە کۆڵبەری بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانی سنووری تۆمار دەکات و لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسیاریی پاراستنی کۆڵبەر پشتگوێ دەخات.
لە یاسای کار و یاسای دابینکردنی کۆمەڵایەتیشدا، پێناسەیکی سەربەخۆ بۆ کۆڵبەر بوونی نییە. بەڵام، بەپێی ماددەکانی ٢ و ٣ی یاسای کار، هەر کەسێک بە داوای کەسێکی دیکە و لە بەرامبەر حەقدەست کار بکات، دەتوانرێت وەک کرێکار بناسرێت. لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا، کۆڵبەر خاوەنی کاڵا نییە و خاوەنی کاڵا یان ناوەندگر، جۆری بار، کێش، ڕێگا، کاتی جوڵانەوە و بڕی حەقدەست دەستنیشان دەکات. لەو دۆخانەدا، هەلی سەلماندنی پەیوەندیی کرێکار و خاوەنکار هەیە و خاوەنی کاڵا یان ڕێکخەری گواستنەوە دەبێت بەرپرسیار بێت لە پارەدان، دابینکردنی ئەمنیەت و بیمەکردنی کۆڵبەر.
شاراوەبوونی خاوەنە سەرەکییەکانی کاڵا، زارەکیبوونی پەیوەندییەکان و ترسی کۆڵبەران لە بڕانەوەی داهات یان ڕاووەدوونانی ئەمنی، لە ڕاستیدا هەلی داواکردنی مافەکانیان لێ دەسێنێت. کۆماری ئیسلامی لەجیاتی ناساندنی خاوەن سەرمایەکان و ناچارکردنیان بە بیمەکردن و قەرەبووکردنەوەی زیان، لاوازترین ئەڵقەی ئەم زنجیرەیە دەکاتە ئامانج. ئەنجامی ئەم سیاسەتە، گواستنەوەی تەواوی قازانج بۆ ناوەندگرەکان و گواستنەوەی تەواوی مەترسی بۆ سەر کۆڵبەرە.
لە ڕوانگەی یاسای سزادانەوە، کۆڵبەر بوون تاوانێکی سەربەخۆ نییە. تەنانەت لە حاڵەتی گواستنەوەی کاڵای ڕێگەنەدراویشدا، بەرپرسیاریی تاوانباری دەبێت لەلایەن دادگای دەسەڵاتدارەوە و بە ڕەچاوکردنی بنەمای بێتاوانی، گونجاندنی سزا و مافی بەرگری دیاری بکرێت. گومان بە قاچاخ، تێپەڕبوون لە ڕێگای ڕێگەنەدراو یان گوێنەدان بە فەرمانی وەستان، مۆڵەتی لەناوبردنی ژیان نییە. یاسای بەکارهێنانی چەکیش کەڵکوەرگرتن لە چەکی بە کاتی پێویست و گونجاو، ئاگادارکردنەوەی پێشووتر و نەبوونی ڕێگایەکی کەم مەترسیدارتر مەرجدار کردووە.
بەپێی ماددەی ٦ی میثاقی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، بەکارهێنانی هێزی کوشندە تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکی دەستبەجێ و جدی دژ بە ژیان ڕێگەپێدراوە. کۆڵبەرێک کە چەکدار نییە و هیچ مەترسییەک بۆ ژیانی ئەفسەر یان کەسانی دیکە دروست ناکات، نابێت ببێتە ئامانجی تەقە. تەقەی ڕاستەوخۆ لەم جۆرە کەسانە دەکرێ ببێتە نمونەی لەناوبردنی سەرەڕۆیانەی ژیان و بەرپرسیاریی تاوانباریی ئەفسەر و بەرپرسیاریی دەوڵەت لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لێ بکەوێتەوە.
هاوکات لە گەڵ دووبارەبوونەوەی تەقەکردنەکان، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، ڕوون و کاریگەر سەبارەت بە زۆرێک لەم ڕووداوانە ئەنجام نادرێت. بنەماڵەی قوربانیان زۆرجار لەگەڵ بێدەنگی دامەزراوە سەربازی و دادوەرییەکان، دەستنەگێشتن بە دۆسییە و هەڕەشە بۆ وازهێنان لە سکاڵاکردن ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەم دۆخە، جگە لە پێشێلکردنی مافی ژیان، مافی دادخوازی و دەستڕاگەیشتن بە قەرەبووکردنەوەی کاریگەرش پێشێل دەکات و هەل بۆ بێسزایی ئەفسەران دابین دەکات.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٤١ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٢١٦ کەس بریندار بوون. لە ساڵی ٢٠٢٥شدا، هانا ٦١ حاڵەتی کوژران یان برینداربوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی سنووری تۆمار کردووە. بەهۆی نەبوونی ئاماری فەرمی و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە ناوچە سنوورییەکان، دەبێت ئەم ژمارانە بە کەمترین حاڵەتە بەڵگەدارکراوەکان دابنرێن.
کۆڵبەر پێش ئەوەی بابەتێکی دۆسیەی گومرکی یان ئەمنی بێت، مرۆڤێکە بۆ ژیان کار دەکات. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت هەژاری و بێکاری بەسەر ناوچە سنوورییەکاندا بسەپێنێت و کۆڵبەرەکان لە بیمە و پشتگیریی کۆمەڵایەتی بێبەش بکات و پاشان بەهۆی هەوڵدان بۆ دابینکردنی ژیانیان بیانکاتە ئامانجی گوللە. وەستاندنی دەستبەجێی تەقەکردن، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە هەموو حاڵەتەکانی مردن و برینداربوون، بیمەی ناچاری بۆ کۆڵبەران، دروستکردنی سەندووقی قەرەبووکردنەوەی زیان، ناساندنی بەرپرسیارییەتی خاوەن کاڵا و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی منداڵان، سەرەتاییترین هەنگاوەکانە کە دەبێت بێ هیچ دواخستنێک جێبەجێ بکرێن.
