بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ئارمان فەرەجی شارۆمەندی خەڵکی ئاوایی “نسارە”ی سەر بە شاری دیواندەرە، دوای ٢٢ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٣ ملیارد تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئارمان فەرەجی کوڕی عەبدوڵڵا و سۆهەیلا کە خەریکی کاروباری کشتوکاڵی بووە، ڕۆژی ١٣ی پوشپەڕی ١٤٠٥، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کرابوو.
تا ساتی ئازاد بوونی ئەم شارۆمەندە، دامودەزگا بەرپرسیارەکان، هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان دەربارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە بڵاو نەکردووەتەوە. کەڵک وەرگرتن لە بارمتەی قورس لە پاڵ دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، نیگەرانییەکانی لەبارەی ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە مەدەنییەکان وروژاندووە.
