ڕاپۆرتی شیکاری و ئاماریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران (١ی ژانویە تا ٣٠ی ژوئینی ٢٠٢٦)

ڕاپۆرتی شیکاری و ئاماریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران (١ی ژانویە تا ٣٠ی ژوئینی ٢٠٢٦)

ئەم ڕاپۆرتە وێنەیەکی چڕ و بەبەڵگەکراو لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ماوەی نێوان ١ی ژانویە تا ٣٠ی ژوئینی ٢٠٢٦ پێشکەش دەکات. داتاکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای ئەو حاڵەتانە ڕێک خراون کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا توانیویەتی ڕوودانی پێشێلکارییەکە یان ناسنامەی قوربانییەکان لەسەر بنەمای بەڵگەی باوەڕپێکراو، سەرچاوە خۆجێییەکان، بنەماڵەی قوربانییەکان، شایەتحاڵەکان، چالاکانی مەدەنی و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان پشتڕاست بکاتەوە. کەواتە، ئامارەکانی نێو ئەم ڕاپۆرتە تەنیا کەمترین” حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانن و لەگەڵ بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکانی تیمی توێژینەوەی هانا و دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەی نوێ، ئەگەری زیادبوونی ئەم ئامارانە لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا هەیە.

ئەم خولەی ڕاپۆرتەکە هاوکات بوو لەگەڵ بارودۆخێکی تایبەت لە ئێران؛ تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، توندبوونی کەشی ئەمنی، سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و پچڕان یان تێکچوونی هێڵی
ئینتەرنێت، کە ئەمانە هەمووی دەرفەتی زانیاریبەخشین، دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکان بە زانیاری، پەیوەندیی قوربانییەکان بە پارێزەران و چاودێریی گشتی و بەڵگەنامەکردنی سەربەخۆی سنووردار کردبوو. ناوەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا چەندین جار هۆشدارییان داوە لەسەر پچڕانی ئینتەرنێت، بەکارهێنانی دۆخی ئەمنی بۆ سنووردارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و پێویستیی ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.

دۆزینەوەکانی هانا لەم ماوەیەدا بریتین لە: لەسێدارەدانی لانیکەم ٤٥ هاووڵاتیی کورد، دەستبەسەرکردنی لانیکەم ٥٤٠ هاووڵاتیی کورد، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی مینی پاشماوەی جەنگ، گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی کاردا، تۆمارکردنی حاڵەتەکانی خۆکوژی و پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی٢٧٧، قوربانیی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤. ئەم داتایانە بەیەکەوە نیشاندەری بەردەوامیی دۆخێکن کە تێیدا مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتییان لە کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی هاوکات کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە.

١. میتۆدۆلۆژی و مەودای ڕاپۆرتەکە

ئەم ڕاپۆرتە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، کە پارێزگاکانی کوردستان، ئازەائایجانی ڕۆژاوا (ورمێ)، کرماشان و ئیلام دەگرێتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا لێک دەداتەوە. زانیارییەکان لە ڕێگەی تۆڕی سەرچاوە خۆجێیییەکان، بنەماڵەی قوربانییەکان، شایەتحاڵەکان، چالاکانی مەدەنی، بەڵگەنامە بەردەستەکان، ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی دیکەوە کۆ کراونەتەوە و پێش بڵاوکردنەوە، تا ئەو جێگەیەی گونجاو بووە بەپێی پێوەرەکانی بەڵگەنامەکردنی هانا ڕاستی‌ئازمایییان بۆ کراوە.

هەموو ئەو ژمارانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتوون تەنیا ئاماژەن بۆ ئەو حاڵەتانەی کە ڕوودانی پێشێلکارییەکە یان ناسنامەی قوربانییەکان بۆ هانا پشتڕاست بووەتەوە. گوشارە ئەمنییەکان، هەڕەشە لە بنەماڵە و شایەتحاڵەکان، نیگەرانیی قوربانییەکان لە لێکەوتەکانی زانیاریبەخشین و پچڕانی ئینتەرنێت، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی بەڵگەنامەکردن هەبووە.

٢. هەڵسەنگاندنی گشتیی دۆخی مافەکانی مرۆڤ

شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ بۆ ئێران و بەتایبەت بۆ کوردستانی ئێران، خولێکی پڕ لە قەیرانی ئەمنی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆیی بوو. لە وەها کەشێکدا، جێبەجێکردنی سزاکانی سێدارە، دەستبەسەرکردنە ئەمنییەکان، بەکارهێنانی چەکی گەرم لە ناوچە سنوورییەکان، زیانە گیانییەکانی مین، گیانلەدەستدانی کرێکاران و زیادبوونی ئاسەوارە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانرێت جیا لە دۆخی گشتیی وڵات لێک بدرێتەوە. جەنگ و توندبوونی کۆنتڕۆڵی ئەمنی، نەک هەر مەترسیی پێشێلکارییەکانی زیاد کردووە، بەڵکوو دەرفەتی تۆمارکردن و بەدواداچوونیشی سەختتر کردووە.

یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ڕێگە بە دەوڵەتەکان نادەن کە بە بیانووی قەیران، ناو ناوەخن و مافە بنەڕەتییەکان پشتگوێ بخەن. مافی ژیان، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە، قەدەغەکردنی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و دادرەسیی دادپەروەرانە، تەنانەت لە دۆخی نائاساییشدا پێگەی خۆیان دەپارێزن.

٣. مافی ژیان و سزای سێدارە

مافی ژیان، بنەمای سوودمەندبوونە لە مافەکانی تری مرۆڤ. سەرەڕای ئەمە، داتاکانی هانا نیشانی دەدەن کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێراندا، لەوانەش بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کورد، لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا بە ڕەوتێکی نیگەرانبەر بەردەوام بووە. لەم ماوەیەدا، هانا لەسێدارەدانی لانیکەم ٤٥ هاووڵاتیی کوردی لە زیندانەکانی ئێراندا بەبەڵگە کردووە.

لەو ژمارەیە، ٢٧ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، ٦ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر، ٢ کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و ١٠ کەس لە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکاندا، لەوانەش بە تۆمەتی وەک “موحارەبە”، لەسێدارە دراون.

نیگەرانییە سەرەکییەکە تەنیا ژمارەی سێدارەکان نییە؛ لە دۆسیە سیاسییەکاندا ڕاپۆرتی زۆر دەربارەی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو، ئەشکەنجە بۆ دانپێدانان و نەبوونی شەفافیەت لە دادگاییکردندا هەیە، کە ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی، دەکرێت وەک “بێبەشکردنی هەڕەمەکی لە مافی ژیان” هەژمار بکرێت.

٤. دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دادگایی کردنی دادپەروەرانە

لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا، هانا دەستبەسەرکردنی لانیکەم ٥٤٠ هاووڵاتیی کوردی لە شارەکانی کوردستانی بە بەڵگە
کردووە. لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، ٣٨ ژن، ٣٠ منداڵی خوار تەمەن هەژدە ساڵ و ٥ چالاکی ژینگەپارێز بوونیان هەیە. لە هەمان ماوەدا، بۆ لانیکەم ٦ کەس لە دەستبەسەرکراوەکان سزای سێدارە دەرچووە. شێوازی زۆربەی ئەم دەستبەسەرکردنانە لەگەڵ
نیگەرانییە ناسراوەکانی ئێران یەک دەگرێتەوە: دەستبەسەرکردن بەبێ حوکمی دادوەری، بێ‌ئاگا بوونی بنەماڵەکان لە شوێنی ڕاگرتن، بێبەشکردن لە پارێزەر و لێکۆڵینەوە لە گرتووخانە ئەمنییەکاندا. ئەم دۆخە دەستبەسەرکردن لە کارێکی یاسایییەوە دەگۆڕێت بۆ کردەوەیەکی سەرەڕۆیانە. بوونی ٣٠ منداڵ لە نێوان دەستبەسەرکراوەکاندا، لایەنێکی تراژیدیی ئەم دۆخەیە؛ چونکە بەپێی رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵان، دەستبەسەرکردنی کەسانی خوار ١٨ ساڵ دەبێت تەنیا وەک دوایین ڕێگە و بۆ کورتترین ماوە بێت. دەستبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێزیش نیشانی دەدات کە گوشارە ئەمنییەکان تەنیا چالاکیی سیاسییان نەگرتووەتەوە و تەواوی کایە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی کردووەتە ئامانج.

٥. مافی ژیان و ئاسایشی مرۆیی لە ناوچە سنوورییەکان و ژینگەی کاردا


بەشێک لەو پێشێلکارییانەی لەم ڕاپۆرتەدا بەڵگەنامە کراون، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە مافی ژیان و ئاسایشی مرۆیی لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە. مەرگ و برینداربوونی کۆڵبەران، قوربانیبوونی هاووڵاتییان بەهۆی مینی پاشماوەی جەنگ و گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ژینگەی نائەمنی کاردا، هەر سێکیان نیشاندەری ئەوەن کە مافی ژیان تەنیا لە دادگا و زیندانەکاندا ناکەوێتە مەترسییەوە، بەڵکوو لە سنوور، گوند، شوێنی کار و ڕێڕەوەکانی دابینکردنی بژێویشدا لەژێر هەڕەشەدایە.

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، هانا گیانلەدەستدانی لانیکەم ٣ کۆڵبەر و برینداربوونی ٣ کۆڵبەری دیکەی تۆمار کردووە. بەپێی داتا ڕاستی‌ئازماییکراوەکان، ئەم حاڵەتانە زۆرتر لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکاندا ڕوویان داوە.
بەدەر لە پێگەی یاسایی گواستنەوەی کاڵا، بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژی کۆڵبەران تەنیا لە کاتێکدا پاساوی هەیە کە هەڕەشەیەکی خێرا و جیدی لەسەر گیانی هێزە چەکدارەکان یان کەسانی تر هەبێت و هیچ ڕێگەیەکی تری کەم‌مەترسیدارتر لەبەردەستدا نەبێت. بنەما سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی بەکارهێنانی هێز و چەک لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکاری یاساوە، جەخت لەسەر زەروورەت، گونجان و بەکارهێنانی هێزی کوشندە وەک دوایین ڕێگە دەکاتەوە. کۆڵبەری ناتوانرێت تەنیا وەک بابەتێکی ئینتیزامی سەیر بکرێت؛ هەژاری، بێکاری، نەبوونی هەلی کاری بەردەوام و پەرەنەسەندنی ناوچە سنوورییەکان، زۆرێک لە هاووڵاتییانی بەرەو ئەم کارە پڕمەترسییە پاڵ پێوە ناوە. وەڵامی ئەمنی بۆ دیاردەیەک کە ڕەگی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەیە، بەبێ چاکسازی لە بارودۆخە بونیادییەکاندا، مەترسیی دووبارەبوونەوەی مەرگ و برینداری کەم ناکاتەوە.

لە هەمان ماوەدا، هانا گیانلەدەستدانی ٣ هاووڵاتیی بەهۆی تەقینەوەی مینی پاشماوەی جەنگ تۆمار کردووە. دوای تێپەڕبوونی چەندین دەیە بەسەر کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، بەردەوامیی مەترسیی مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، نیشانەی ناتەواویی هەنگاوەکانی پاک کردنەوە، نیشانەکردن، هۆشداریی گشتی و پاڵپشتی لە قوربانیانە. حکوومەت لە بەرانبەر مەترسییە ناسراو و پێشبینیکراوەکاندا، پابەندبوونێکی ئەرێنیی لەسەر شانە؛ واتە دەبێت بە گرتنەبەری ڕێکاری کاریگەر پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییان بکات و ڕێگە نەدات هەڕەشە بەجێماوەکانی ڕابردوو، هێشتا قوربانی بگرن.

گیانلەدەستدانی لانیکەم ٦ کرێکار لە ڕووداوەکانی شوێنی کاردا، نیشاندەری لاوازیی چاودێری و جێبەجێکردنی ستانداردەکانی پاراستنە. ماددەی ٧ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، مافی سوودمەندبوون لە مەرجی
کاری دادپەروەرانە، ئارام و تەندروست گەرەنتی دەکات. گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ژینگەی نائەمنیدا، ئەگەر بەهۆی نەبوونی کەرەستە، پەروەردەی ناتەواو یان نەبوونی چاودێریی کاریگەر بێت، تەنیا ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە؛ بەڵکوو نیشانەی ناتەواویی بونیادییە لە پاراستنی مافی کار، مافی تەندروستی و کەرامەتی مرۆییی کرێکارانە.

٦. خۆکوژی و مافی سوودمەندبوون لە تەندروستیی دەروونی

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، هانا لانیکەم ١٧ حاڵەتی خۆکوژیی لە کوردستان تۆمار کردووە. لەو ژمارەیە، ١٠ کەسیان ژن و ٧ کەسیان پیاو بوون. لێکۆڵینەوەکانی هانا نیشانی دەدەن کە کێشەی بژێوی، خێزانی و دەروونی و زیانە
کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە هۆکارە کاریگەرەکان بوون لەم حاڵەتانەدا.

خۆکوژی ناتوانرێت تەنیا لە ئاستی بڕیاری تاکەکەسیی کەسەکەدا شی بکرێتەوە. ئەم دیاردەیە لە زۆر حاڵەتدا پەیوەندیی بە هەژاری، گوشاری کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی خێزانی، بێبەشبوون لە پاڵپشتیی دەروونی، دەستڕاگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان و نەبوونی تۆڕە پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. زیادبوون یان بەردەوامیی ئەم جۆرە حاڵەتانە لە ناوچەیەکدا، زەنگی مەترسییە دەربارەی دۆخی تەندروستیی دەروونی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاستی پاڵپشتی لە توێژە ناسکەکان.
مافی سوودمەندبوون لە بەرزترین ستانداردی دەستکەوتووی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی لە ماددەی ١٢ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا بە ڕەسمی ناسراوە. ئەم پابەندبوونە، حکوومەت ئەرکدار دەکات کە خزمەتگوزاریی تەندروستیی دەروونی، دەستێوەردانە ڕێگریکارەکان، پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتنی بێ‌جیاکاری بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بەهێز بکات. بارودۆخی جەنگی، نادڵنیایی ئابووری، بڕانی پەیوەندییەکان و توندبوونی گوشارە ئەمنییەکان دەکرێت ناسکیی دەروونیی کەسەکان زیاد بکات. پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەر حاڵەتێکی خۆکوژی لەگەڵ ئەم
هۆکارانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی جیاجیا هەیە، بەڵام هاوکاتبوونی ئەم بارودۆخە لەگەڵ زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستیی سەرنجدانی جیدیتر بە تەندروستیی دەروونی لە کوردستانی ئێراندا زەق دەکاتەوە.

٧. بەڵگەنامەکردنی قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤

یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی کاری بەڵگەنامەکردنی هانا لەم ماوەیەدا، بەردەوامیی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ بووە. هانا تا ئێستا ناسنامەی ٢٧٧ هاووڵاتیی کوردی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە کاتی
ناڕەزایەتییەکاندا و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، زۆرتر لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و لە هەندێک حاڵەتیشدا لە ناوچەکانی تری ئێران، گیانیان لەدەست داوە. لە نێوان قوربانییەکاندا، ٣٤ ژن و ٢١ منداڵی خوار تەمەن هەژدە ساڵ هەن.

ئەم ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە ناسنامەی قوربانییەکان و چۆنیەتیی گیانلەدەستدانیان لەسەر بنەمای بەڵگەی باوەڕپێکراو و پرۆسەی ڕاستی‌ئازمایی سەربەخۆ بۆ هانا پشتڕاست کراوەتەوە. نیگەرانیی بنەماڵەکان لە لێکەوتە ئەمنییەکان، سنوورداریی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەکان، کەشی ئەمنیی شوێنی ڕووداوەکان و پەککەوتنی بەرفراوان لە پەیوەندییەکاندا، پرۆسەی بەڵگەنامەکردنی سەخت کردووە. لەگەڵ بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان هەیە.

بەکارهێنانی چەک دژی ناڕازییان، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، تەنیا لە بارودۆخێکدا ڕێگەپێدراوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەیەکی کتوپڕ لەسەر گیانی کەسەکان، هیچ ڕێگەچارەیەکی تری کاریگەر نەبێت. تەنانەت لە وەها بارودۆخێکیشدا،
بەکارهێنانی هێز دەبێت پێویست، گونجاو و لەگەڵ زۆرترین وریاییدا بێت. ماددەی ٢١ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئازادیی کۆبوونەوەی ئاشتییانە گەرەنتی دەکات و لێژنەی مافی مرۆڤ لە لێکدانەوەی گشتیی ژمارە ٣٧دا جەختی کردووەتەوە کە بەشداری لە کۆبوونەوەدا، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ گرژی یان ئاڵۆزیشدا بێت، خۆبەخۆ مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی کوشندە نادات.

بەرپرسیارێتیی حکوومەت دوای ڕوودانی مردن بەهۆی کردەوەی مەئموورەکان کۆتایی نایەت. یاسای نێودەوڵەتی حکوومەت ئەرکدار دەکات کە دەربارەی هەر حاڵەتێکی مردنی گوماناوی یان مردن بەهۆی بەکارهێنانی هێز لەلایەن مەئموورەکانەوە، لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر، سەربەخۆ، بێلایەنانە و شەفاف ئەنجام بدات، ئەنجامدەرانی ئەگەری ڕاوەدووی یاسایی بکات و مافی بنەماڵەکان بۆ زانینی ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان گەرەنتی بکات. پڕۆتۆکۆڵی “مینێسۆتا” دەربارەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە مردنە نایاسایییە ئەگەرییەکان، جەخت لەسەر هەمان پێوەرانە دەکاتەوە.

بەڵگەنامەکردنی ٢٧٧ قوربانی، تەنیا تۆمارکردنی ناو و ژمارە نییە. ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە هەوڵ بۆ پاراستنی بەڵگەکان، ڕێگریکردن لە لەبیرچوونەوە، پاڵپشتی لە مافی بنەماڵەکان بۆ زانینی ڕاستی و فەراهەمکردنی زەمینەی وەڵامدەرەوەبوونی بەرپرسان لە داهاتوودا. لە بارودۆخێکدا کە سنووردارکردنی ئینتەرنێت و گوشاری ئەمنی دەکرێت
بەڵگەکان بشارێتەوە یان لەناویان ببات، بەڵگەنامەکردنی سەربەخۆ ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی دەرفەتی دادپەروەریدا دەگێڕێت.

٨. کۆتایی و ئەنجام

دۆزینەوەکانی شەش مانگی هانا نیشانی دەدەن کە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٦، دا لەگەڵ کۆمەڵێک پێشێلکاریی هاوکات و پەیوەندیدار ڕووبەڕوو بووە. لەسێدارەدانەکان، دەستبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان، تەقەکردن لە کۆڵبەران، قوربانیانی مین، گیانلەدەستدانی کرێکاران، خۆکوژی و قوربانیانی ناڕەزایەتییەکان، هەر یەکەیان بوارێکی جیاواز نیشان دەدەن، بەڵام لە تەنیشت یەکەوە باس لە بەردەوامیی شێوازێکی بەرفراوانتر دەکەن: شێوازێک کە تێیدا ئامرازە سزایی، ئەمنی، ئابووری و
کارگێڕییەکان، بە هاوکات کاریگەرییان لەسەر ژیان و مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان داناوە.
ئەم بارودۆخە لە بۆشاییدا ڕووی نەداوە. جەنگ، توندبوونی کەشی ئەمنی، سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە زانیارییەکان، هەم مەترسیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی زیاد کردووە و هەم ڕێگەی بەڵگەنامەکردن، بەدواداچوونی دادوەری و چاودێریی گشتیی سەختتر کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کام لەم بارودۆخانە حکوومەت لە پابەندبوونە بنەڕەتییەکانی خۆی لە پاراستنی مافی ژیان، قەدەغەی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، گەرەنتی کردنی دادرەسیی دادپەروەرانە، پاڵپشتی لە منداڵان، پاراستنی کرێکاران و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کاریگەر دەربارەی مردنەکان نابەخشێت.

هانا جەخت دەکاتەوە کە ئامارەکانی ئەم ڕاپۆرتە کەمترین حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانن لەسەر بنەمای بەڵگەی باوەڕپێکراو و ڕاستی‌ئازمایی سەربەخۆ. ئەم ئامارانە دەکرێت بە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان و دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەی نوێ زیاد بکەن. هەر بۆیە، ئەم ڕاپۆرتە هەم بەڵگەیەکە لەسەر دۆخی ئێستا و هەم بانگهێشتێکە بۆ بەردەوامیی چاودێری، بەڵگەنامەکردن و وەڵامدەرەوەکردنی بەرپرسان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین