ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانییەکی جدی خۆی سەبارەت بە هەوڵی ژمارەیەک لە کەسانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ، وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی ئیتلاعاتیی سوپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بۆ وەرگرتنی ڤیزا، مافی نیشتەجێبوون یان سوود وەرگرتن لە بەرنامەکانی کۆچبەریی کانادا دەردەبڕێ.بەپێی زانیارییەکانی هانا، ئەم بابەتە تەنها بە چەند حاڵەتێکی تاکەکەسی سنووردار نییە، بەڵکوو لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە نیگەرانییە گرنگەکانی قوربانییانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بنەماڵەکانیان. ئەم بارودۆخە پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە بەردەم سیستەمی یاساییی پشتبەستوو بە سەرەوەریی یاسا: ئایا ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی ئەو دامەزراوانەی بە فراوانی مافی مرۆڤیان پێشێلکردوە یان ڕۆڵیان هەبووە یان سوودیان لێ وەرگرتووە، دەبێت بەبێ لێکۆڵینەوە و دڵنیابوونی ورد، لە سوودەکانی سیستەمی کۆچبەریی وڵاتە دیموکراتەکان بەهرەمەند بن؟
ئەم نیگەرانییە لەبەر ئەوە گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت کە سوپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا یەکێک بوون لە گرنگترین ئامرازەکانی سەرکوتی ڕێکخراوەیی لە ئێران. ڕاپۆرتەکانی نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، دەستەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستی و ڕێکخراوە ناسراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆڵی ئەم دامەزراوانەیان لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە، ونکردنی زۆرەملێیانە، سێدارە نایاسایییەکان، سەرکوتی توندئاژۆیانە ناڕەزایەتییەکان و ئازاردانی سیستەماتیکی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەڵگەدار کردووە. بۆیە پشکنینی پاشخانی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە ئەم دامەزراوانەوە هەیە، تەنیا بابەتێکی کارگێڕی یان کۆچبەری نییە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بنەمای بەرپرسیارێتی، خەبات دژی بێسزایی و پابەندبوونی دەوڵەتەکان بە ڕێگریکردن لە دروستبوونی پەناگەی ئارام بۆ پێشێلکەرانی مافەکانی مرۆڤ هەیە.
سیستەمی یاسایی کانادا هەر بە هەمان مەبەست چەندین میکانیزمی دیاریکراوی داناوە. بەپێی پیتی «ب»ی ماددەی ٣٥ی یاسای کۆچبەری و پاراستنی پەنابەران لە کانادا، ئەو کەسانەی وەک «بەرپرسی باڵا»ی حکومەتێک ناسرابن کە بەرپرسیارە لە تیرۆریزم، پێشێلکردنی فراوان یان سیستەماتیکی مافەکانی مرۆڤ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی یان تاوانی جەنگ، دەتوانرێت لە چوونە ژوورەوە یان نیشتەجێبوون لە کانادا بێبەش بکرێن. گرنگیی ئەم ماددەیە لەوەدایە کە یاسادانەری کانادایی تەنها ئەنجامدانی ڕاستەوخۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە پێوانە دانەنەوە، بەڵکوو بەشداربوون لە دامەزراوە حکومییە بەرپرسیارەکانیش وەک بنەمای قبووڵنەکردن داناوە.
هەروەها ماددەی ١٦ی ڕێساکانی کۆچبەری و پاراستنی پەنابەران لە کانادا، چەمکی «بەرپرسی باڵا» بە جۆرێک پێناسە دەکات کە تەنها سنووردار بە بەرپرسانی سەرەوەی سیاسی نەبێت، بەڵکوو ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە بەهۆی پۆستی ڕێکخراویی خۆیان خاوەنی دەسەڵاتی حکومی بوون، کاریگەریان لەسەر بڕیارە گشتییەکان هەبووە یان لە شوێنی خۆیان لە ناو دەسەڵاتدا سوودیان وەرگرتووە. بەپێی ئەمە، هەڵسەنگاندنی ئەم پەڕاوانانە نابێت تەنها پشت بە ناونیشانی پیشەیی یان پلەی کارگێڕی ببەستێت، بەڵکوو دەبێت ڕۆڵی ڕاستەقینەی تاک لە چوارچێوەی دەسەڵات، سنووری دەسەڵاتەکانی، ئاستی کاریگەری و پەیوەندیی بە دامەزراوە بەرپرسیارەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە وردی لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێ.
دەوڵەتی کانادا بە فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە ژێر ڕێساکانی پیتی «ب»ی ماددەی ٣٥ی یاسای کۆچبەری و پاراستنی پەنابەران و ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە ٢٣ی ژوونی ٢٠٠٣ بەدواوە دەتوانن بخرێنە ژێر یاساکانی قبووڵنەکردن. ئەم بڕیارە لەسەر بناغەی هەڵسەنگاندنی فەرمیی دەوڵەتی کانادا لەسەر ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پێشێلکردنی فراوان و سیستەماتیکی مافەکانی مرۆڤ و پاڵپشتی لە چالاکییە تیرۆریستییەکان وەرگیراوە. هەروەها خستنە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی کانادای سوپای پاسداران نیشانەی ئەوەیە کە نیگەرانی سەبارەت بە چالاکی و کارکردی ئەم دامەزراوە تەنها بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕیشەی لە تێبینییە جدییەکانی ئاسایشی و مافی مرۆڤدایە.
لە ڕوانگەی یاساییەوە، جێبەجێکردنی کاریگەری ئەم یاسایانە پێویستی بەوە هەیە کە لێکۆڵینەوە و داواکاریی کۆچبەریی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی هەیە، تەنها بە لێکۆڵێنەوە شکڵی و کارگێڕی سنووردار نەبێت. هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی ئەم لێکۆلێنەوانەیە پێویستی بە دڵنیابوونی وردی پاشخانەی ڕێکخراویی، لێکۆڵینەوەی ئاستی دەستگەیشتن بە دەسەڵاتی حکومی، ڕۆڵی تاک لە زنجیرەی بڕیاردان و بەرپرسیارێتیی ئەگەری لە دامەزراوە پێشێلکەرەکانی مافەکانی مرۆڤ هەیە. بەبێ ئەمە، مەبەستی یاسادانەری کانادایی لە دانانی یاساکانی قبووڵنەکردن بە کردەوە بێ کاریگەری دەبێت و ڕێگا بۆ سوودوەرگرتنی کەسانی پەیوەندیدار بە چوارچێوە سەرکوتکەرەکان لە سیستەمی کۆچبەریی کانادا دەکرێتەوە.
بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە دەوڵەتی کانادا، ئیدارەی کۆچبەری، پەنابەری و هاووڵاتیبوونی کانادا، ئاژانسی خزمەتگوزاریی سنووری کانادا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان داوادەکات داواکارییەکانی ڤیزا، نیشتەجێبوونی کاتی، نیشتەجێبوونی هەمیشەیی و هاووڵاتیبوونی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپاپاسداران و دامەزراوە بەرپرسیارەکانی پێشێلکردنی فراوانی مافەکانی مرۆڤ هەیە، بە بەرزترین ئاستی وردبینی، دڵنیابوون و هەستیاریی مافی مرۆڤی هەڵبسەنگێنن. هانا هەروەها داوا دەکات لەو حاڵەتانەی هۆکاری مەعقول بۆ پەیوەندیی تاکەکان بە چوارچێوە بەرپرسیارەکانی پێشێلکردنی گەورەی مافەکانی مرۆڤ هەیە، یاساکانی قبووڵنەکردنی هاتوو لە پیتی «ب»ی ماددەی ٣٥ی یاسای کۆچبەری و پاراستنی پەنابەران بە شێوەی کاریگەر، یەکگرتوو و بەبێ لێبووردەیی جێبەجێ بکرێن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وەک دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤی تۆمارکراو لە کانادا کە ساڵانێکە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانی بەڵگەدار و ڕاپۆرت دەکات، ئەم بابەتە تەنها کێشەیەکی کۆچبەری نازانێت، بەڵکوو بەشێک لە پابەندبوونی کانادا بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسیارکردنی پێشێلکاران و خەبات دژی بێسزایی دەزانێت. هانا باوەڕی وایە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ تەنها بە پاڵپشتی لە قوربانییان مانای نییە، بەڵکوو پێویستی بەوە هەیە کە ئەنجامدەر، ئامێر و سوودوەرگرانی چوارچێوە سەرکوتکەرەکانیش نەتوانن لە پاراستنی سیستەمە یاسایییە پشتبەستووەکان بە ئازادی، کرامەتی مرۆڤ و سەروەریی یاسا بەهرەمەند بن. جێبەجێکردنی ورد و بەهێزی یاساکانی کۆچبەریی کانادا لەم بوارەدا، نەک تەنها پارێزگاری لە باوەڕپێکراوی سیستەمی کۆچبەریی ئەم وڵاتە دەکات، بەڵکوو بەشێکە لە پابەندبوونی کرداریی ئەو بە بەها بنەڕەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری و بەرپرسیارێتی.
