ئازادیی کاتیی ئاوات سادق‌نیا دوای ٨٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی له زیندانی مەهاباد

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، «ئاوات سادق‌نیا» (ناسراو بە سەرگوڵی)، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، دوای تێپەڕاندنی ٨٣ ڕۆژ دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، بە دانانی بارمتەیەکی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بڕی ئەو بارمتەیەی بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەم هاووڵاتییە دیاری کرابوو، ١٠ میلیارد تمەن بووە. بەڕێز سادق‌نیا، خەڵکی گوندی «کۆسەکەرێز»ی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی و بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کرابوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ٨٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران و لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا، لە سەرەتاییترین مافەکانی تۆمەتبار بێبەش کرابوو. ناوبراو لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لە دۆخێکی ناڕووندابووە و ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو، چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو یان پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی پێ نەدرابوو. ئاوات سادق‌نیا دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە ناوەندە ئەمنییەکان، بۆ دەرکردنی بڕیار (قرار) بۆ زیندانی ناوەندیی مەهاباد گواسترابووەوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانی مەهاباد هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو نەداوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەکارهێنانی بارمتەی قورس و دەستبەسەرکردنی درێژخایەن بەبێ ڕاگەیاندنی تۆمەت (تفهیم اتهام)، نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان و گوشار خستنە سەر چالاکان و هاووڵاتییانی کوردە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین