جێبەجێکردنی سزای دوورخستنەوەی کاتی لە کار بۆ سەڵاحەدین حاجی‌میرزایی؛ بەردەوامیی سەرکوتی ئەمنیی چالاکانی پیشەییی مامۆستایان لە سنە

 بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سزای دوورخستنەوەی کاتی لە کار بۆ “سەڵاحەدین حاجی‌میرزایی”، مامۆستا و چالاکی پیشەییی مامۆستایانی سنە، لە قۆناغی پێداچوونەوەدا لە ساڵێکەوە بۆ چوار مانگ کەم کرایەوە. سەرەڕای ئەم کەمکردنەوەیە، ئەسڵی دەرچوون و جێبەجێکردنی وەها حوکمێک نیشاندەری بەردەوامیی ڕەفتارە ئەمنی و کارگێڕییەکانە دژی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی لە کوردستان.
سەڵاحەدین حاجی‌میرزایی، تەمەن ٤٩ ساڵ، خێزاندار، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و ٢٧ ساڵ ئەزموونی کارکردن، پێشتر لەلایەن دەستەی سەرەتاییی پێڕاگەییشتن بە سەرپێچییە کارگێڕییەکانی پەروەردەی کوردستان سزای ساڵێک دوورخستنەوەی کاتیی بەسەردا سەپابوو. دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی ناوبراو و ناردنی دۆسیەکە بۆ دیوانی عەدالەتی کارگێڕی، لقی یەکی دەستەی پێداچوونەوە لە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بە پشتبەستن بە بڕگەی ٣٣ لە ماددەی ٨ی یاسای پێڕاگەییشتن بە سەرپێچییە کارگێڕییەکان، ئەم سزایەی بۆ چوار مانگ کەم کردەوە.
ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم مامۆستا کوردە، بریتین لە “بەشداری لە مانگرتن و کۆبوونەوە نایاسایییەکان” و “چالاکی لە ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان”. ئەم جۆرە ناونیشانانە، لە بنەڕەتدا، پێوەندییان بە پیادەکردنی مافە سەرەتایییەکانی هاووڵاتییانەوە هەیە، وەک مافی خۆڕێکخستن، مافی کۆبوونەوەی ئاشتییانە، ئازادیی ڕادەربڕین و مافی بەدواداچوون بۆ داخوازییە پیشەیییەکان و ناکرێت ببنە بنەمایەکی ڕەوا بۆ سزادانی کارگێڕی، بێبەشکردنی پیشەیی یان ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٤ (١٤ی سپتامبر ٢٠٢٥) ڕایگەیاندبوو کە بەڕێز حاجی‌میرزایی بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بانگهێشت کراوە و لەلایەن لێکۆڵەرە ئەمنییەکانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لێکۆڵینەوەی لێ کراوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم چالاکە پیشەیییە لە ئاستانەی ساڵیادی کوشتنی حکوومیی ژینا ئەمینی کەوتبووە ژێر هەڕەشەوە تا خۆی لە هەر جۆرە چالاکی یان بەشدارییەک لە ڕێوڕەسمە ئەگەرییەکاندا بپارێزێت.
دۆسیەی سەڵاحەدین حاجی‌میرزایی بەشێکە لە پرۆسەی بەرفراوانتری سەرکوتی سیستماتیکی چالاکانی پیشەییی مامۆستایان لە کوردستان. لە دوو ساڵی ڕابردوودا، دەرچوونی حوکمی دوورخستنەوە لە کار، خانەنشینکردنی زۆرەملێ، دەرکردن، بانگهێشتی ئەمنی و دۆسیەسازیی کارگێڕی دژی ئەندامانی ئەنجومەنە پیشەیییەکانی مامۆستایان بە شێوەیەکی نیگەرانبەر زیادی کردووە. ئەم ڕەوتە نیشانی دەدات کە ناوەندە ئەمنییەکان و حەراسەتی پەروەردە، میکانیزمە کارگێڕییەکان وەک ئامرازێک بۆ سزادان، تۆقاندن و کپکردنی داخوازییە یاسایییەکانی مامۆستایان بەکار دەهێنن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکردنی سزای دوورخستنەوەی سەڵاحەدین حاجی‌میرزایی، جەخت دەکاتەوە کە گۆڕینی چالاکیی پیشەیی و مەدەنی بۆ سەرپێچیی کارگێڕی یان دۆسیەی ئەمنی، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی مامۆستایانە و دژی بنەماکانی ئازادیی خۆڕێکخستن، ئازادیی ڕادەربڕین و مافی کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ئاسایشی پیشەیییە.
هانا هەروەها هۆشداری دەدات کە بەکارهێنانی سزای کارگێڕی بۆ سڕینەوەی چالاکانی پیشەیی لە ژینگەی پەروەردە، نەک تەنیا پێشێلکردنی مافە تاکەکەسییەکانی مامۆستایانە، بەڵکوو هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەربەخۆییی ناوەندی پەروەردە و مافی ڕێکخراوەییی پیشەیی و مافی کۆمەڵگە بۆ سوودمەندبوون لە پەروەردەیەکی ئازاد و نائەمنی.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین