سەجاد وەیسی دوای چوار مانگ دەستبەسەرکران له کرماشان ئازاد کرا؛ ناوەندە ئەمنییەکان ئازادبوونیان بە ڕادەستکردنەوەی براکانی مەرجدار کردبوو

سەجاد وەیسی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان و برای بچووکی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر دەستبەسەرکران و ڕاگرتنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ئازاد کرا.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە هانا، سەجاد وەیسی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە ڕێگەی کرماشان بۆ سەرپێڵ‌زەھاو و لە کاتێکدا بەرەو ماڵی بنەماڵەی هاوسەرەکەی دەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
سەرچاوە ئاگادارەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە ماهییەتێکی لەسەرووی دەستبەسەرکردنێکی ئاساییی هەبووە و لە کرداردا وەک ئامرازێکی گوشار دژی ئەندامانی بنەماڵەکەی بەکار هاتووە. بە گوتەی ئەم سەرچاوانە، ناوەندە ئەمنییەکان لە تەواوی ماوەی دەستبەسەریدا، ئازادکردنی سەجاد وەیسییان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ڕادەستکردنەوەی هەردوو براکەی، مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، مەرجدار کردبوو.
سەجاد وەیسی، برای بچووکی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی، دوو چالاکی ناسراوی کولتووریی کوردە. ئەم دوو برایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەژێر ڕاوەدوونانی ناوەندە ئەمنییەکاندا بوون، بەرەبەیانی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە کاتی هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر حەشارگەکەیان لە گوندی “قەڵا کەهۆش”ی سەر بە پارێزگای کرماشان، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانیان لەدەست دا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی سەجاد وەیسی، دۆخی یاساییی دۆسیەکەی و هەروەها ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە مەرجدارکردنی ئازادییەکەی بە ڕادەستکردنەوەی براکانی دەکرێن، بڵاو نەکردووەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین