گواستنەوەی فرۆزان ئیسلامی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیاری بەدەست هێناوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، «فرۆزان ئیسلامی»، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی «نەوجەوان» و خەڵکی ورمێ، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزراوە.

​بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، خانمی ئیسلامی لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئەمنیی «٩ پله»وە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.

​بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هانا، لقی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ تا ئێستا لەگەڵ ئازادکردنی کاتیی ئەم هاوڵاتییەدا ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە و ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش کراوە.

​شایانی باسە، فرۆزان ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥، بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین