لەسێدارەدانی نهێنیی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە زیندانی نەغەدە

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی ڕۆژی
چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٠ی مەی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی دوو
بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی “رامین زەلە” و “کەریم مەعرووف‌پوور”، کە
هەردووکیان خەڵکی شاری نەغەدەن، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی
بنەماڵەکانیان و بێبەشکردنیان لە مافی دوایین چاوپێکەوتن، لە زیندانی ناوەندیی
نەغەدە جێبەجێ کرا.
ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە
سەرۆکایەتیی دادوەر “سیامی”، بە تۆمەتی “بەغی” (ڕاپەڕینی چەکدارانە) سزای
سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزاکە، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەری بە
بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییەی پشتڕاست
کردووەتەوە و تۆمەتەکانیانی وەک “ئەندامێتی لە گرووپە تیرۆریستییە جوداییخوازەکان،
ڕاپەڕینی چەکدارانە و هەوڵدان بۆ تیرۆر” ڕاگەیاندووە.
رامین زەلە لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواسترابووەوە. ناوبراو دوای ٥٠٧ ڕۆژ
دەستبەسەری و ناڕوونی، لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە
پارێزەری هەڵبژێردراو، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای سێدارەی
بەسەردا سەپا. سزای سێدارەکەی لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ بە فەرمی پێ
ڕاگەیەندرا بوو.
هەروەها کەریم مەعرووف‌پوور، تەمەن ٢٩ ساڵ، لە ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ لەلایەن
هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرابوو. بەپێی زانیارییە
گەیشتووەکان، ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ئەشکەنجە دراوە و بۆ
ماوەیەکی زۆر لە دۆخی “بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ”دا (ناپدیدسازی قهری) و بەبێ
پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیراوە. ئەویش لە کۆتاییدا لە پرۆسەیەکی
نادادپەروەرانەی دادگاییکردندا، هاوشانی رامین زەلە بە تۆمەتی “بەغی”
سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەبێ
ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکان، بێبەشکردنی بەندکراوان لە مافی
دوایین چاوپێکەوتن، نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و هەبوونی ڕاپۆرت
لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دژایەتییەکی ئاشکرای لەگەڵ بنەماکانی دادگاییکردنی
دادپەروەرانە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانەش میساقی
نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان هەیە. جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە
دۆسیە سیاسییەکاندا، بەتایبەت لەو حاڵەتانەی کە پرۆسەی دادگاییکردنەکە
تەمومژاوییە، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە توندی لەسێدارەدانی نهێنیی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە
شەرمەزار دەکات و نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە بەردەوامیی دەرچوون و
جێبەجێکردنی سزای سێدارە دژی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران ڕادەگەیەنێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین