بەرەبەیانی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپا بە هەڵکوتانە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «کۆسەکەرێز» لە دەوروبەری مەهاباد، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەریان کردن و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.
ناسنامەی ئەم کەسانە «میکائیل (شۆڕش) دوودکانلوو میلان» تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندار، و «ئیحسان خۆڕەمئاباد» مێردمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ راگەیەندراوە. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردنەکە لە نێوان کاتژمێر ٣ بۆ ٥ی بەرەبەیان و لەڕێگەی چوونە ژوورەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو ماڵی ئەم هاووڵاتییانە ئەنجام دراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان، شوێنی ڕاگرتن، یان دۆخی یاسایی ئەم دوو هاووڵاتییە بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەمبارەیەوە نەداوە. بنەماڵەکانیان تا ئێستاش لە چارەنووس و شوێنی گواستنەوەی ئەم کەسانە بێئاگان.
دەستبەسەرکردن بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری، ڕاگرتن لە شوێنێکی نادیار، و بێبەشکردنی دەستبەسەرکراوان لە دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێ بە بنەماڵە و پارێزەر، لە نموونەکانی دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە و پێشێلکردنی بنەما سەرەتاییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ئەژمار دەکرێت. ئەم نیگەرانییانە سەبارەت بە “ئیحسان خۆڕەمئاباد” وەک کەسێکی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، ڕەهەندی جیدیتر بەخۆوە دەگرێت.
بەپێی بنەماکانی دادگاییکردنی تایبەت بە منداڵان، هەر جۆرە کارێکی سزایی یان ئەمنی دژی کەسانی ژێر ١٨ ساڵ دەبێ شوێنکەوتەی پێوەرە پارێزەرییەکان، دەستێوەردانی کەمینە، چاودێریی دادوەریی کاریگەر، و دەستەبەرکردنی دەستبەجێی مافی دەستڕاگەیشتن بە بنەماڵە، پارێزەر، و پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی بێت. گواستنەوەی منداڵ یان مێردمنداڵێک بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان یان ڕاگرتنی لە بارودۆخێکی نادیاردا، مەترسیی پێشێلکردنی جیدیی مافەکانی منداڵ، گوشار، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشبوون لە مافی بەرگری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
دەستبەسەرکردنی منداڵان لە دۆسیە ئەمنییەکاندا، بەبێ شەفافیەتی دادوەری و لە دەرەوەی چوارچێوە پارێزەرییەکانی ناو یاسا ناوخۆییەکان و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، دەبێتە هۆی نیگەرانیی جیدی بەرامبەر بە دۆخی جەستەیی و دەروونییان و ئەگەری پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان.
