لەسێدارەدانی عەبدولجەلیل شەبەخش، زیندانیی سیاسی-عەقیدەتیی بەلووچ

​بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥، زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان لەسێدارە درا.

​پێشتر ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە بەلووچە بە ناوی «عەبدولجەلیل شەبەخش» کوڕی جەلال، خەڵکی گوندی چاهـ ئەحمەدی شارستانی تەفتان ڕاگەیەندراو بوو.

​میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە عەبدولجەلیل شەبەخش بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپی چەکداری «ئەنسارولفەرقان» و هەوڵدان بۆ «کوشتنی هێزە ئینتزامییەکان و بەخشداری گەوهەرکۆ»ی تەفتان لەسێدارە دراوە.

​تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بەلووچستان لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەیەوە دەنووسێت: “لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا، عەبدولجەلیل لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کراوە و دانپێدانانەکان لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا لێی وەرگیراوە.”

​لە ڤیدیۆیەکدا کە لە دانپێدانانی زۆرەملێی عەبدولجەلیل لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکراوەتەوە، ناوبراو دەڵێت کە لەگەڵ «نیعمەتوڵڵا شەبەخش» (قەنبەر زێهی) کوڕی مووسا، لە کوشتنی هێزە ئینتزامییەکان و بەخشداری گەوهەرکۆدا بەشدار بووە.

​بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سێ زیندانیی دیکەی سیاسیی بەلووچ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا لەژێر مەترسیی لەسێدارەدانی نزیکدان. ناسنامەی ئەم سێ زیندانییە بریتییە لە: «یاسین (موسەیب) شەبەخش» تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی گوڵ محەممەد، «وەحید ڕێگی» و «یوونس دەهمەردە» کە پێشتر دانپێدانانی زۆرەملێیان لە تەلەفزیۆنی پارێزگایی (تۆڕی هاموون) بڵاوکرابووەوە.

​کەسە نزیکەکانی یاسین پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.

​بە لەسێدارەدانی عەبدولجەلیل شەبەخش، ژمارەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە ئێران لەسێدارە دراون گەیشتە ٣٠ کەس، کە دووانیان لە زیندانیانی سیاسیی بەلووچن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین