هاوکات لەگەڵ ١٢ی مەی، ڕۆژی جیهانیی پەرستار، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە پێشێلکردنی بەردەوامی مافە بنەڕەتییەکانی پەرستاران و ستافی دەرمان لە ئێران دەردەبڕێت. پەرستاران وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمی تەندروستی، لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ بارودۆخێک ڕووبەڕوو بوونەتەوە کە بە ئاشکرا لەگەڵ بنەما و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، مافی کار و مافی تەندروستیدا ناکۆکە.
ڕاپۆرت و داتاکان دەریدەخەن کە بەشێکی بەرفراوان لە ستافی دەرمان لە ئێران لەگەڵ کاتژمێری کاری تاقەتپڕوکێن، مووچەی نادادپەروەرانە، گرێبەستی ناسەقامگیر، کەمیی توندی هێزی مرۆیی و نەبوونی پاڵپشتی پیشەیی و دەروونی ڕووبەڕوون. بەردەوامیی ئەم دۆخە، جیا لەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی پەرستاران، مافی هاووڵاتیانیشی بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دەرمانییە گونجاو، بێوەی و کوالێتی بەرزەکان خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە.
پەرستارانی ئێران، بەتایبەت لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩دا، ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی تەندروستی گشتیدا گێڕا، کەچی بەشێکی بەرچاو لە داواکارییە پیشەیی و بژێوییەکانیان تا ئێستاش بێ وەڵام ماونەتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی بەهۆی ناڕەزایەتی هێمنانە یان ڕەخنەگرتن لە دۆخە پێکهاتەییەکە، لەگەڵ بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و گوشاری ئەمنی ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئەم هەنگاوانە پێشێلکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی کۆبوونەوە و مافی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆیە.
ستافی دەرمان، لەسەر بنەمای پرەنسیپە پیشەییەکان و پێوەرە ئەخلاقییە پزیشکییەکان، پابەندن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بەبێ هیچ جۆرە جیاکارییەک. هەر جۆرە گوشار، هەڕەشە یان لێپرسینەوەیەک لە کارمەندانی دەرمانی بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەرمانی و چاودێری بۆ کەسەکان، پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی تەندروستی و سەربەخۆیی پیشەیی ستافی دەرمانە.
هەروەها ڕەوتی ڕو لە زیادبوونی کۆچی پەرستاران، کە سەرچاوەکەی بۆ بارودۆخی نەگونجاوی کاری و ئابووری دەگەڕێتەوە، سیستەمی دەرمانیی لەگەڵ قەیرانی کەمیی هێزی کار ڕووبەڕوو کردووەتەوە. ئەم دۆخە لە ناوچە بێبەشەکان و شارەکانی کوردستان کاریگەرییەکی توندتری هەبووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە چاودێرییە پسپۆڕییەکان. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەروەها سەبارەت بە زیادبوونی شەکەتیی دەروونی و ڕاپۆرتە نیگەرانبەخشەکانی خۆکوشتن لە نێوان ستافی دەرماندا هۆشداری دەدات؛ بێباکی بەرامبەر بەم قەیرانە، بە نموونەی پێشێلکردنی مافی تەندروستی و کەرامەتی مرۆیی دادەنرێت.
ڕۆژی جیهانیی پەرستار دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی بەرپرسیارێتی حکومەتەکان لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی پیشەیی، مووچەی دادپەروەرانە، مافی ڕێکخراوبوون و چالاکی پیشەیی سەربەخۆ و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی کاری بێوەی بۆ ستافی دەرمان. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە بەرپرسان دەکات کە وێڕای کۆتایی هێنان بە گوشار و ڕەفتارە ئەمنییەکان دژی چالاکانی پیشەیی، زەمینەی پێویست بۆ دابینکردنی مافە پیشەیی، سەندیکایی و بژێوییەکانی پەرستاران بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بڕەخسێنن و پشتیوانی لە سەربەخۆیی ستافی دەرمان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەبێ هەڕەشە و گوشار بکەن.
