بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢٦)، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی عێزەدین پەسوپێش، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لەڕێگەی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی ناوبراو و بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری ئەنجام دراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ حوکمی دادوەری، گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار و بێدەنگبوونی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئاست ڕاگەیاندنی هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی شەرمەزار
دەکات و، ئەم کارە بە نموونەیەکی نیگەرانکەری “دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی” و پێشێلکردنی مافی دەستڕاگەیشتنی خێرا بە بنەماڵە و پارێزەر دەزانێت.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی عێزەدین پەسوپێش لەبەردەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە پشتبەستن بە ماددەی ٩ی جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ و ماددەی ٩ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتن، هۆکاری دەستبەسەرکران و دڵنیابوونەوە لە باری تەندروستیی ناوبراو دەکات و جەخت لە دابینکردنی مافی دەستڕاگەیشتنی ئەم
هاووڵاتییە بە بنەماڵە و پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی دەکاتەوە.
