بەیاننامەی بەپەلەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا:

هێرشی ئەنقەست بۆ سەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سوورداش، نموونەی تاوانی جەنگییە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆ ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦ی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوچەی سوورداش لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بە ئامانجگرتنی ئەنقەستی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە لە بارەگا مەدەنییەکانی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، بە توندی ئیدانە دەکات.

​بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هانا گەیشتوون، ئەم هێرشانە ئەو سەرچاوانەیان کردووەتە ئامانج کە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ئەو کەسانەی کە لەوێن، لەوانە کەسانی مەدەنی، بەکار دەهاتن. بە ئامانجگرتنی ئاوی خواردنەوە تەنها تێکدانی دامەزراوەیەک نییە، بەڵکوو دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مافی ژیان، تەندروستی و کەمترین مەرجەکانی مانەوەی مرۆڤ.

​بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆیی، هێرشکردنە سەر موڵک و ماڵی مەدەنی قەدەغەیە، مەگەر ئەوەی ئەو موڵکە بەهۆی سروشت، شوێن، ئامانج یان بەکارهێنانی، پشکێکی کاریگەری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا هەبێت و تێکدانی لەو کاتەدا سوودێکی سەربازیی دیار و ڕاستەوخۆ دروست بکات. هەروەها، بە پێی ماددەی ٥٢ی پرۆتۆکۆڵی یەکەمی زیادکراوی پەیماننامەکانی ژنێڤی ساڵی ١٩٧٧، شتە مەدەنییەکان نابێت ببنە ئامانجی هێرش. جگە لەوەش، ماددەی ٥٤ی هەمان پرۆتۆکۆڵ و ماددەی ١٤ی پرۆتۆکۆڵی دووەمی زیادکراوی پەیماننامەکانی ژنێڤ، هێرشکردن، وێرانکردن، لابردن یان لەکارخستنی ئەو شتانە قەدەغە دەکەن کە بۆ مانەوەی دانیشتووانی مەدەنی پێویستن، لەوانە دامەزراوە و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.

​لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی تاوانەوە، هێرشی ئەنقەست بۆ سەر موڵک و ماڵی مەدەنی و بێبەشکردنی مەدەنییەکان لەو شتانەی بۆ مانەوەیان پێویستن، ئەگەر ڕەگەزە ماددی و مەعنەوییەکانی بسەلمێنرێت، دەکرێت وەک تاوانی جەنگ لێک بدرێتەوە. لەسەر بنەمای ماددەی ٨ی بنەڕەتنامەی ڕۆمای دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی، هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان و ئەو شتانەی بۆ مانەوەی دانیشتووانی مەدەنی پێویستن، دەتوانێت بەرپرسیارێتیی تاوانی نێودەوڵەتی لێ بکەوێتەوە.

​ئەم هێرشانە هەروەها پابەندییە مافە مرۆییەکانی پەیوەست بە مافی ژیان، مافی تەندروستی و مافی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک پێشێل دەکەن؛ ئەو مافانەی کە لە ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ماددەکانی ١١ و ١٢ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، و لێکدانەوەی گشتیی ژمارە ١٥ی لێژنەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان پارێزگارییان لێ کراوە.

​هانا جەخت دەکاتەوە کە هیچ ئیدیعایەکی ئەمنیی یان سەربازیی ناڕوون ناتوانێت هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەرچاوە گرنگەکانی ژیانی مەدەنییەکان پاساو بدات. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ، سەربەخۆ و بەڵگەدار دەربارەی ئەم هێرشانە، پاراستنی بەڵگەکان و لێپرسینەوە لە فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەگەریی ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی و تاوانکاریدا دەکات.

​هانا بە توندی ڕایدەگەیەنێت کە ئاوی خواردنەوە نابێت ببێتە ئامرازی جەنگ، گوشار یان سزادان دژی مەدەنییەکان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین