بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سەید ئەنوەر عەلەوی، خەڵکی گوندی “خانلەر”ی سەر بە شارستانی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری بووە. لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بەڕێز عەلەوی تا ئێستاش لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن یان پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە؛ بەردەوامیی بێدەنگەیی لە بارودۆخی ناوبراو، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وەبیر دەهێنێتەوە کە دەستبەسەرکردنی کەسەکان بەبێ ڕاگەیاندنی تۆمەتێکی ڕوون و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیبوون و ژێرپێخستنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە. ئەم ڕێکخراوە جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی کەرامەتی مرۆیی دەستبەسەرکراوان و زانیاریبەخشینی دەستبەجێ سەبارەت بە باری تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان دەکاتەوە.
