دەستبەسەر کرانی سێ شارۆمەندی دیکەی خەڵکی دیواندەرە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنەکان لە کوردستان لە سەروبەندی دووهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی #ژینا_ئەمینی سێ شارۆمەندی دیکەی خەڵکی دیواندەرە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کران .

بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ئەمڕۆ یەکشەممە "١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣" سێ شارۆمەندی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی "فەرهاد قەمەری" خەڵکی ئاوایی "کوتک" و دانیشتووی دیواندەرە ، "محەممەد ئەمینی تەمەن ٣٩ ساڵ کوڕی حاجی خەلیل و نەوید شەریفی" کوڕی ئەمیر و هەردووک خەڵکی ئاوایی "کانی چەرموو"ی سەر بە بەشی کەرەفتووی دیواندەرە ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کراون .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بەبێ پێشکەش کردنی حوکمی دادگا نەوید شەریفییان لە ماڵی باوکی ، محەممەد ئەمینی لە شوێنی کارەکەی لە دیواندەرە و فەرهاد قەمەریشیان لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە .

تا ساتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەوەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ شارۆمەندە بەردەست نیە .

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ لانیکەم چوار شارۆمەندی کوردی خەڵکی دیواندەرە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و زانیاریەکانیان لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاو کراوەتەوە .

RELATED ARTICLES

Most Popular