بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە “١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣” سزای لە سێدارەدانی رەزا رەسایی بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەحنەی کرماشان ، لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان جێبەجێ کراوە .
رەزا رەسایی لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانی یەکی کرماشان بە تۆمەتی "کوشتنی نادر بیرامی بەرپرسی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی سەحنە ، تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگای ئاژاوە نانەوە ، نیشاندانی هێز بە کەڵک وەرگرتن لە چەقۆ" بە لە سێدارەدران ، دیە دان (سزای نەختی) ، ساڵێک زیندانی تەعزیری و لێدانی 74 قامچی مەحکوم کرابوو کە سزای لە سێدارەدانەکەی لە ڕۆژانی کۆتایی سەرماوەزی هەمان ساڵ لە لایەن لقی ١٧ی دادگای باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە .
ئەم حوکمە لە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتڕاستکرایەوە لە کاتێکدا ئەو فەرمانەی کە لە لایەن دادگای خوارەوە دەرچوو چەندین کەموکوڕی جەوهەری هەبوو .
دەسەڵاتی دادوەری و بەندیخانەی کرماشان لەم دواییانەدا دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها چاوپێکەوتنی ڕووبەڕووی ڕەزا ڕەساییان پچڕاندبوو .
ناوبراو لە رێکەوتی"٣ی سەرماوەزی ١٤٠١" لە شاری کەرەج لە لایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان گواسترابووەوە .
رەزا رەسایی تەمەن ٣٥ ساڵ شوێنکەوتوویی ئایینی "یارسان" و خاوەن بەڵگەنامەی بەکالۆریۆس لە بەڕێوەبردن و خەڵکی سەحنەی سەر بە کرماشان بوو .