بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەشتوون،ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥،ئیلیا لوتفی تورمەکچی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شارستانی بانە، لەلایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە،هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن،شوێنی ڕاگرتن و دۆخی یاسایی ئەم منداڵە لەبەر دەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەپێی مافە نێودەوڵەتییەکانی منداڵان،هەر کەسێکی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بە منداڵ دادەنرێت و پێویستە لە پاراستن و پاڵپشتیی تایبەت بەهرەمەند بێت. دەستبەسەرکردنی منداڵ دەبێ تەنیا وەک کۆتا ڕێکار و بۆ کورتترین ماوەی گونجاو بێت،هەروەها مافی دەستڕاگەیشتنی بە بنەماڵەکەی و پاراستنی یاسایی بۆ مسۆگەر بکرێت.
هەروەها یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کەسانی ژێر ١٨ ساڵ،ڕێساکان و پاراستنی تایبەتیان لە پرۆسەی سزاداندا پێشبینی کردووە.
هانا دەستبەسەرکردنی ئەم مێرمنداڵە و نادیاربوونی شوێنی ڕاگرتن و دۆخەکەی بە نیشانەی نیگەرانی دەزانێت و داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتن،دۆخی تەندروستی و بنەمای یاسایی دەستبەسەرکردنی ئیلیا لوتفی تورمەکچی دەکات و خوازیاری مسۆگەرکردنی مافی دەستڕاگەیشتنی بە بنەماڵە و پارێزەرەکەیەتی.
