بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی چوارشەممە “٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣” “مەسعود حاجی زادە” تەمەن ٤٥ ساڵ کوڕی مەدەنی ، خێزاندار و باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی ئاوایی “یێنگیجە”ی سەر بە ناوچەی سۆمابرادۆستی ورمێ ، پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری سکی گەڕێنراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ .
پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجە کرانی لە لایەن هێزەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بەشێک لە سکی دڕابوو .
مەسعود حاجی زادە ڕۆژی یەکشەممە "١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣" بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرابوو .
ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران" سزای ١٠ ساڵ و رۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و پاشان لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران داشکابوو .
شایانی باسە لە رێکەوتی ١٦ی رەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) هێزە ئەمنیەکان بێ بەڵگەی یاسایی رژابوونە ماڵی مەسعود حاجی زادە لە ورمێ و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر موبایلەکەیدا گرتبوو و وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەشکەنجە و ئازاری زۆریشیان دابوو و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئەو شارەیان رەوانە کردبوو ، پاشان رۆژی پێنجشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ – (٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو .