بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هانا : ڕۆژی هەینی “٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣” عیسا ئیبراهیم زادە بەندکراوی سیاسی کورد بە هۆی درێژ نەکردنەوەی ماوەی مەرەخەسیەکەی لە رێگەی خواردنی دەرمان هەوڵی خۆکوشتنی داوە .
عیسا ئیبراهیم زادە نزیکەی ٤٠ ساڵ تەمەن ، خەڵکی ئاوایی "دێشەمس"ی سەر بە شنۆ خێزاندار و باوکی دوو منداڵە .
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، عیسی ئیبراهیم زادە ، لە مەرەخەسی پێنج ڕۆژەدا بووە کە بە هۆی نەخۆشی دڵی منداڵەکەیەوە داوایی درێژ کردنەوەی مەرەخەسیەکەی کردووە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە مەرەخەسییەکەیان بۆ درێژ نەکردووەتەوە و ئەویش بە خواردنی حەپ هەوڵی خۆکوشتنی داوە .
بە وتەی ئەم سەرچاوەیەک ، ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی ورمێ ڕاگوێزراوە و لە بەشی چاوەدێری چڕی ئەو نەخۆشخانەیە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە .
ئەم بەندکراوە سیاسی و چالاکی کرێکاری کوردە لە رێکەوتی "٣٠ سەرماوەزی ١٤٠١" لە ڕەوتی بزوتنەوەی شۆڕشی ژینا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لە رێکەوتی٢٢ بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی تا کۆتایی پڕۆسەی دادڕەسی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرابوو .
ئەو هەروەها ڕۆژی چوارشەممە "٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١" لە لایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتی قازی "مەهدی رەزایی" بە تۆمەتی "بەشداری لە ناڕەزاییەکان ، پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران" بە پێنج ساڵ بەندکران سزا درابوو و سێ ساڵ لە بەندکرانەکە بۆ ئەو جێبەجێ دەکرێت .
عیسا ئیبراهیم زادە ڕۆژی دووشەممە "١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان بۆ جێبەجێ کرانی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ڕاگوێزرا .