هانا : ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، باپیر بەرزە زیندانی سیاسی خەڵکی گوندی “چیانە”ی پیرانشار، پاش بانگ کران بۆ لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆرشی پیرانشار، دەستبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.
ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی قازی "ئەمیر ئوجاقلوو"، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا .
هەروەها لە مانگی گوڵانی ١٤٠٢، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ئاڵۆزی، ئاژاوەگێڕی و هەنجارشکێنی لە رێرەوی ئامانجی گروپە دژبەرەکانی حکومەت دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١، باپیر بەرزە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی لە رێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و پاش ٤٥ رۆژ دەستبەسەر کران بۆ زیندانی نەغەدە راگوێزرابوو و لە نیهایەتدا رۆژی پێنج شەممە "٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١" بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادرەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.
