بە پێی راپۆرتی گەیشتوو ، سزای لە سێدارە دان بۆ چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی “وەفا ئازەر بار ، محەممەد فەرامەرزی ، پژمان فاتحی و موحسێن مەزڵوم” پەسند کراوە .
بە پێی ئەم راپۆرتە ئیدارەی ئیتڵاعات ئەو پەڕی هەوڵی خۆی داوە بۆ جێبەجێ کرانی بەپەلەی سزای ئەم چوار زیندانیە و دەوترێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەگەری زۆری هەیە جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانیان لە لایەن دادگای باڵای وڵاتەوە پشتڕاست بکرێتەوە .
لە رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ لە ورمێ هەواڵی دەستبەسەر کردنی ئەم چوار چالاکە سیاسیە بڵاو کرایەوە و پاش چەند مانگ بێ هەواڵی میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرە ملێی ئەوانی لە رێکەوتی "٢٠ی رەزبەر و ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١" بڵاو کردەوە و لەم گرتە ڤیدیۆیانە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەوان نیازی ئەنجامدانی تەقینەوە لە یەکێک لە شوێنەکانی پێشەسازی هەستیاری بەرگرییان لە ئیسفەهان هەبووە کە ئەم تۆمەتانە لە لایەن بنەماڵەی ناوبراوان رەد کراوەتەوە و دامودەزگاکانی نێوەدەوڵەتی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە کە ئەم چوار کەسە لە ژێر ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی ناچار بە وتنەوەی ئەم سیناریۆانە کراون .
هەر لەمبارەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش نیگەرانی خۆی سەبارەت بە نادیاری چارەنووسی ئەم چوار چالاکە سیاسیە لە نامەیکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری راگەیاندووە .
