هانا : لەگەڵ تێپەڕ بوونی ٢٠ رۆژ لە نادیاری دوو پەناخوازی کورد بە ناوەکانی “هیوا موستەفایی” تەمەن ٢٧ ساڵ ، کوڕی سەیفەدین و “نیما شەهسەواری” تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی مەهدی و خەڵکی ئاوایی “خانەقا” سەر بە پاوە ، هیچ زانیاریەک سەبارەت بە چارەنووسیان بەردەست نیە .
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ ئەو بەلەمەی ٦٦ پەناخوازی کوردی تێدا بووە ڕۆژی هەینی "٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢" لە کاتی ڕۆیشتن لە کەناڵی مانشی فەرەنسەوە بۆ بەریتانیا وەرگەڕاوە و سێ کەس لە پەناخوازەکان گیانیان لەدەستداوە .
پێویستە تێبینی بکرێت تا ساتی ئامادە کرانی ئەم هەواڵە هیچ جۆرە زانیاریەک لە چارەنووسی ئەم دوو پەناخوازە کوردە بەردەست نیە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ، یەکێکی ئەوروپا و رێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە سەرنج بدەن بە دۆخی پەناخوازان بە گشتی و پەناخوازانی کورد بە تایبەتی و ئەو وڵاتانەی پەناخواز وەردەگرن ناچار بکەن سیاسەت و ڕەفتاریان لە ئاست پەناخوازان بگۆڕن .
