کوژرانی شارۆمەندێک بە هۆی تەقەی هێزەکانی پۆلیس لە سنە

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : رۆژی یەکشەممە “٣ی بەفرانباری ١٤٠٢” شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “کاوە گەوێڵی” تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی سنە بە هۆی تەقەی هێزەکانی پۆلیسەوە کوژراوە .

بە وتەی سەرچاوەیکی ئاگادار ، ناوبراو بۆ نێوەندگیری لە ناکۆکی بنەماڵەکەی چووتە شوێنی نیشتەجێبوونەکەیان لە شەقامی ٢٥ی سنە ، کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی پۆلیسەوە و تەقە کردنیان فیشەک بەر نزیک دڵی کەوتووە و بریندار بووە .

 سەرچاوەکە لە درێژەدا رایگەیاند ، پاش بریندار بوونی کاوە هێزەکانی پۆلیس رێگایان بە بنەماڵەکەی و خەڵک نەداوە نزیکی ئامبولانسەکە ببنەوە و ناوبراویان بە برینداری راگواستووە بۆ کەڵانتەری ١٥ی نزیک لە شوێنی رووداوەکە و لە کۆتاییدا پەیوەندییان بە یەکەی فریا کەوتنەوە کردووە و کاوەیان  بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گواستووەتەوە و پاشان گیانی لە دەستداوە .

پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت سەرلە بەیانی رۆژی دووشەممە "٤ی بەفرانباری ١٤٠٢" تەرمی ئەم شارۆمەندە بە ئامادە بوونی هێزەکانی ئیتڵاعات و چەن کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە شوێنی لە دایکبوونی خۆی لە ئاوایی کێڵانە نێژرا .
 

RELATED ARTICLES

Most Popular