بەپێی ڕاپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە شاری ورمێ : سێ زیندانی خەڵکی ئەم شارە کە پێشووتر بە تۆمەکانی پەیوەندیدار بە “مادەهۆشبەرەکان” سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە ، سەرلەبەیانی هەینی “١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢” لە زیندانی ورمێ لە سێدارە دراون .
هاوکارانی هانا ناسنامەی ئەم سێ زیندانیەیان "عەلی شاهین نژاد" کوڕی حسێن خەڵکی ئاوایی "پسان" سەر بە بەشی سیلوانەی ورمێ ، "سۆلەت تۆسەن" تەمەن ٤٠ ساڵ خێزاندار ، کوڕی فەتاح و خەڵکی ئاوایی "قشڵاق تەرزەلوو" سەر بە بەشی ناوەندی ورمێ و "جانعەلی نەدیمی" تەمەن ٦٢ ساڵ خێزاندار کوڕی خالد و خەڵکی ئاوایی "پیرانجوق" سەر بە بەشی سۆما و برادۆستی ورمێ ، پشتڕاست کردووەتەوە .
بە وتەی سەرچاوەیکی ئاگادار ، جانعەلی نەدیمی چوار ساڵ لەمەوبەر و سۆلەت تۆسەن ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی "مادەهۆشبەرەکان" دەستبەسەر و پاشان لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیەوە سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرابوو .
پێویستە تێبینی بکرێت ئەم زیندانیانە ڕۆژی چوارشەممە "١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢" بۆ جێبەجێکرانی سزای لە سێدارەدانیان بۆ بەشی تاکەکەسی زیندان گواسراونەتەوە .
