هانا: ڕۆژی شەممە ١٨ی مارسی ٢٠٢٣، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “ئەنوەر شێخێ” کوڕی عەلی و “ڕەحمان قادری” کوڕی کەریم خەڵکی گوندی “پسوە”ی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانی نەقەدە گوازرانەوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەستمان کەوتووە؛ ڕەحمان قادری لە لایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە "حیزبە کوردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" و پڕوپاگەندە لە دژی ڕێژیم بە ٢ ساڵ و حەوت مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرا و هەروەها بەهەمان تۆمەت ئەنوەر شێخە، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
پێویستە بگوترێ کە ئەنوەر شێخە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی ئابانی ساڵی ١٤٠٠ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گواسترایەوە و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکە، بۆ زیندانی نەقەدە، گواسترایەوە. و پاشان لە ڕۆژی شەممە ٢١ی ئیسفەندی ساڵی ١٤٠٠، بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
هەروەها ڕەحمان قادری لە "۲۴ی بەهمەنی ۱۴۰٠" لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر و ڕۆژی شەممە "۲۱ی ئیسفەندی ۱۴۰۰" بە کەفالەت بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
