مهاباد: سیمبانی شەریکەی برق بە خەستی بریندار بووە 

هانا: بەپێی هەواڵێک کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، لە رۆژانی رابردوودا سیمبانێکی شەریکەی برقی مهاباد بە ناوی واحید باقری تەمەن ٤٦ ساڵ لە کاتی کار کردندا لە سەر دەکەلی برق لە ئاوایی “کۆنەدێ”ی ناوچەی مهاباد، بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار برق گرتوویە و بە خەستی بریندار بووە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە واحید باقری بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی مهاباد و دواتر بە هۆی کاریی بوونی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە. لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە بە هۆی قورس بوونی برینەکانی ئەم شارۆمەندە، ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی "موتەهەری" تاران گوێزراوەتەوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، پزیشکی پسپۆری ئەو بەشە رایگەیاندووە بە داخەوە بە هۆی ئەوەی واحید باقری برینەکانی زۆر سەختن، هەر دوو دەستی دەبێ ببڕنەوە. هەروەها رایگەیاندووە گورچیلەکانی بە خەستی ئازاریان پێ گەیشتووە و مەترسی ئەوە هەیە لە کار بکەون و جگە لەوە دڵیشی زیانی پێ گەیشتووە. 

بنەماڵەی واحید باقری لە وتوێژێکدا لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ناڕەزایەتی خۆیان لە ئاست کەمتەرخەمی و لێنەپرسینەوەی بەرپرسان و نەبوونی چاوەدێری بە سەر رووداوەکەدا راگەیاندووە. 

پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.   
 

RELATED ARTICLES

Most Popular