سنە: دەستبەسەرکرانی دوو شارۆمەند بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان 

هانا: لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ٩ و ١٠ی خرمانان مەرزییە مرادوەیسی و عەلی ئەڵڵاوەیسی، دوو کەس لە چالاکانی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان دەستبەسەر کراون. 

رۆژی چوار شەممە ٩ی خرمانانی ١٤٠١ – (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، مەرزییە مرادوەیسی لە چالاکانی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" و مامۆستای دەرکراوی خوێندنگەکان، دوای ئەوەی بانگ کراوەتە بەڕێوەبەرایەتی سزاکانی دادگای ئینقلابی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و رەوانەی ناوەندی چاکسازی و پەرەوەردەی سنە کراوە. 

هەروەها رۆژی پێنجشەممە ١٠ی خرمانانی ١٤٠١ – (١ی سیپتەمبری ٢٠٢٢)، عەلی ئەڵڵاوەیسی چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، دوای ئەوەی بانگ کراوەتە بەڕێوەبەرایەتی سزاکانی دادگای ئینقلابی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازراوەتەوە. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، مەرزییە مرادوەیسی عەلی ئەڵڵاوەیسی، فەردین رەحیمی، مەهدی سەیفی و سیروان عەبدوڵڵاهی وێڕای سێ کەسی تر بە ناوەکانی قانع خاتری، عەتا رەزاروبابی و موحسین پەناهی لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"ـن. 

ئەم شارۆمەندانە لە رێکەوتی ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ – ٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢١ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە سنە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کران و پاش چەندین رۆژ بێ هەواڵی لە چارەنووسیان و بێ بەش بوون لە مافە سەرەتاییەکانیان ئازاد کران. 

دواتر لە رێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ – ٢٩ی مەی ٢٠٢٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بێ ئەوەی خۆیان لە دادگا ئامادە بن تۆمەتی "بانگەشە دژی حکومەتی ئیسلامی" و "هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستان" و هەروەها "پێکهێنانی گورووپی نایاسایی" درایە پاڵیان. بەپێی بڕیاری دادگا ئەو حەوت کەسە واتە قانع خاتری، مەرزییە مرادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، مەهدی سەیفی، فەردین رەحیمی و عەلی ئەڵڵاوەیسی هەر کامەیان سزای دوو ساڵ بەندکراونیان بە سەردا سەپا و عەتا رەزاروبابی سزای دوو ساڵی بەندکرانی بە شێوەی هەڵپەسێراو بۆ بڕایەوە. 

رۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ – ٣ی ژولی ٢٠٢٢، قانع خاتری دوای ئەوەی ملی بە بڕیاری دادگا دا ٦ مانگ لە سزاکەی داشکا و دوای داواکرانی بۆ لقی یەکی جێبەجێ کردنی یاسای دادگای ئینقلابی سنە، دەستبەسەر و رەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە. 

پێنج ئەندامی دیکەی ئەم کەمپەینە بە ناوەکانی سیروان عەبدوڵڵاهی، مەرزییە مرادوەیسی، فەردین رەحیمی، عەلی ئەڵڵاوەیسی و مەهدی سەیفی دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بڕیاری دادگا سزای هەر کامەیان بۆ جێبەجێکرانی پێنج مانگ بەندکران و ٤ ساڵیش بە شێوەی هەڵپەسێردراو داشکا. 

بەپێی بەندەکانی ٣ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، گرتن و بەندکردنی ئەم شارۆمەندانە پێشێلکرانی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
 

RELATED ARTICLES

Most Popular