هانا: رۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١-(٣ی ژولای ٢٠٢٢)، قانع خاتری خەڵکی سنە، چالاکی مەدەنی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان، دوای ئەوەی داوا کرابووە لقی بەڕێوەبەرایەتی و جێبەجێکردنی سزای دەستبەسەرکران، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزاکەی رەوانەی بەندیخانەی سنە کراوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بە بێ بەشداری خۆی لە دادگا بە "بانگەشە دژی نیزامی ئیسلامی، هاوکاری یەکێک لە حزبەکانی کوردستان و دامەزراندنی گوروپی نایاسایی" تۆمەتبار کرابوو. بەپێی ئەم بڕیارەی دادگا ٢٤ مانگ بەندکران بەسەر ئەم چالاکە مەدەنییەدا سەپابوو کە لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ ١٨ مانگ بەندکران داشکا.
شایانی باسە، قانع خاتری لەگەڵ مەرزییە مرادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، عەتائوڵڵا رەزا روبابی، مەهدی سەیفی، فەردین رەحیمی، عەلی ئەڵڵاوەیسی و موحسین حسێن پەناهی رۆژی شەممە ٤ گوڵانی ١٤٠٠-(٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢١)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر کرابوون.
قانع خاتری پاش ١٠ رۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی ئازاد کرابوو. جێگەی ئاماژەیە ناوبراو لە کاتی بەندکرانیدا لە مافی بوونی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
