سنە: پاش تێپەڕبوونی ٨ مانگ بەندکران چارەنووسی ٢ بەندکراو نادیارە 

هانا: ڕۆژی یەکشەممە۱۲ی پووشپەڕ ۱٤۰۱-(۳ی ژولای۲۰۲۲) دوو شارۆمەند بە ناوەکانی”سەعید ڕەشیدی و کەریم پزشکی” خەڵکی ئاوایی “نێ” لە ناوچەی بانە، دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە هەشت مانگ لە بەندیخانەی سنە، چارەنووسیان هەروا نادیارە.

 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئەم دوو شارۆمەندە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۰ی خەزەڵوەر۱٤۰۰-(١١ی نوامبری٢٠٢١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی سنە گوازرانەوە و دواتر ڕۆژی دووشەممە ۲٥ی ڕێبەندان۱٤۰۰(۱٤ی فێبریەی ۲۰۲۲)  دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەکانی ئەمنی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابوونەوە.

گرتنی ئەم دوو شارۆمەندە بە بێ بڕیار و بەڵگەی یاسایی لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە بووە و هێزە ئەمنییەکان وێڕای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەستیان بە سەر کەلوپەلی وەک لاپ تۆب، کامێڕای وێنەگری، موبایل و کۆمەڵێک کتێب دا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. شایانی باسە ئەم دوو شارۆمەندە لە کاتی بەندکرانیاندا لە مافی پارێزەر و

چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێ بەش بوون.تا کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گرتن و چارەنووس و تۆمەگەلێ کە دراوەتە پاڵ کەریم پزشکی و سەعید ڕەشیدی زانیاریەک لە بەر دەستدا نیە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular