پیرانشار: “سەید محەممەد حسێنی” بۆ “هەریس” دوورخرایەوە 

هانا: رۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٢ی ژولای ٢٠٢٢)، سەید محەممەد حسێنی بەندکراوی سیاسی و خەڵکی پیرانشار بۆ شاری هەریس لە پارێزگای ئازەربایەجانی رۆژهەڵات دوور خراوەتەوە. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە ناوبراو رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی رەشەمەی ١٤٠٠ – (١٧ی مارسی ٢٠٢٢)، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو. 

ئەم شارۆمەندە کوردە، لە مانگی رێبەندانی ١٤٠٠ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مهابادەوە بە سەرۆکایەتی قازی "غوڵامی" بە تۆمەتی "محاڕبە" ٨ ساڵ دوورخرانەوەی بۆ "هەریس" لە پارێزگای ئازەربایەجانی رۆژهەڵات بۆ بڕابۆوە.

پێشتر ئەم بەندکراوە بە تۆمەتی "محاڕبە"  لە رێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مهاباد ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە رەتکرایەوە و دیسان بە مەبەستی پێداچوونەوە رەوانەی هەر ئەو دادگایەی مهاباد کرابوو کە بڕیارەکەی دەرکردبوو و مانگی رێبەندانی ١٤٠٠ دیسان لە دادگای مهاباد دادگایی کرابۆوە. 

سەید محەممە حسێنی ئەندامی حزبێکی سیاسی کوردستان بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران رێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ – (٩ی ژانوییەی ٢٠١٨)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular