ئازار و ئەشکەنجەی “سوهەیلا حجاب” لە بەندیخانەی ئێڤین 

هانا: ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕی ۱٤۰۱ – (۲٦ی ژوئەنی ۲۰۲۲) بەندکراوی سیاسی، پارێزەر و چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە لایەن مەئموورانی بەندیخانەی ئێڤین دراوەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی "سوهەیلا حجاب" بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانای ڕاگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە‌ی ئەم حەوتووە  سوهەیلا حجاب بە هۆی داکۆکی لە بەندکراوانی دیکە و بەرپەرچ دانەوەی هەڵسوکەوتی ناڕاستی بەرپرسان لەگەڵ بەندکراوان، دراوەتە بەر هێرشی هێزەکانی بەندیخانەی ئێڤین و بە توندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

سوهەیلا حجاب کە لە بارودۆخی نالەباری تەندروستیدا ماوەی بەند کردنەکەی تێپەڕ دەکات، لە ماوی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە هۆی ئەوەی چاوی هەوی کردووە و سۆما و بینایی چاوی کەم بووەتەوە و توشی کێشە و گرفتێکی زۆر بووە و لە لایەکی دیکەیشەوە بە هۆی ئەشکەنجەدانی لە کاتی بەندکرانیدا دڵ و گوچیلەکانی بە تووندی زیانیان پێ گەیشتووە، داوای مەرەخەسی پزیشکی و بەهرەمەند بوون لە مافی پارێزەری کردووە بەڵام لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانە و بەرپرسانی قەزاییەوە لە بەر چاو نەگیراوە.

سوهەیلا حجاب یەکەم جار لە بەفرانباری ۱۳۹۷ لە شیراز دەستبەسەر و پاشان بڕیاری دووساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی پێنج مانگ لە بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی "عادڵئابادی" شیراز، لە باقی سزاکەی خۆش بوون و ئازاد کرا.

سوهەیلا حجاب لە جۆزەڕدانی ۹٨ جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنیێەکانەوە دەستبەسەر و لە بەشی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین بەند کرا و لە ۲٤ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ۳ ملیارد تمەن، بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی دادگا، ئازاد کرا. بەڵام چوار ڕۆژ دواتر بە تۆمەتگەڵێ وەک " بانگەشە دژی حکومەت، کۆبوونەوە و کەین و بەین، شێواندنی نەزمی گشتی، درووست کردنی کۆڕوکۆمەڵ بۆ بەرگری لە مافی ژنان و داخوازی ڕفراندۆم و گۆڕانی یاسای بنەڕەتی"، بڕیاری ۱٨ساڵ بەندکردنی بەسەر دا سەپا.

ئەم بڕیارە کە لە لقی ۲٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی  محەممەد مەقیسە دەرکرا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەیش پەسند کرا و پێنج ساڵ لەم سزایە شیاوی جێبەجێ کردنە.
حجاب لە ڕێکەوتی ۳ی جۆزەردانی ۱۳۹۹ بە دوای ڕۆیشتن بۆ دادگای پێداچوونەوە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاە (بنکەی ساروڵڵای سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی) دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ژنانی شاری ڕەی گوازرایەوە.

ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی فایلێکی دەنگی لە ناو بەندیخانەوە، ڕوونی کردەوە کە هێزەکانی بەندیخانە بە بێ هێچ ڕوونکروونەوە و هۆکارێک ئازار و ئەشکەنجەیان داوە و قژیان گرتوەو بە سەر شەقامەکانا ڕایانکێشاوە و دواتر بە دەم و چاوی خوێناوی و بە بێ کەوش دەستبەسەریان کردووە و بۆ بەندیخانەی قەرچەک گواستویانەتەوە. بە وتەی حجاب جگە لە هەڕەشەی  وەلانانی فیزیکی (یانی کوشتن)، لە لایەن بەرپرسێکەوە بە ناوی"شەفێعی" هەڕەشەی لێکراوە کە لە ئەگەری وازنەهێنان لە هەڵوێستەکانی تۆمەتی هەڵگرتنی چەکیش بە پەروەندەکەی زیاد دەکرێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular