بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بەرپرسانی قوتابخانەی سەرەتاییی دەوڵەتیی «١٥ی خەرداد» لە شاری شنۆ، لە ڕێگەی دابەشکردنی فۆرم بەسەر قوتابیاندا، داوای بەشداریی داراییی بنەماڵەکانیان کردووە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی قوتابخانە. لەم فۆرمەدا بڕی ٣٣٧ ملیۆن تمەن بۆ بۆیاغکردنی پۆلەکان، چاککردنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکان، تەواوکردنی دەستشۆرەکان و پێداویستییە سەرەتایییەکانی دیکەی قوتابخانە دیاری کراوە.
ئەم کارە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە لێکەوتەکانی شەڕ و قووڵبوونەوەی قەیرانی بژێوی، ژیانی زۆرێک لە بنەماڵەکانی رووبەڕووی دژواریی توند کردووەتەوە.
لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بانگەشەی دابینکردنی پەروەردەی بێبەرامبەر دەکات، خستنەئەستۆی تێچووە سەرەتایییەکانی بەڕێوەبردنی قوتابخانە دەوڵەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەکان، ناتواناییی دەسەڵات لە جێبەجێکردنی یەکێک لە سەرەکیترین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەرامبەر بە منداڵان ئاشکرا دەکات.
بەپێی بنەمای ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران و ماددەی ٢٨ی پەیماننامەی مافەکانی منداڵان، دابینکردنی پەروەردەی سەرەتاییی بێبەرامبەر لە ئەرک و بەڵێنەکانی دەوڵەتە. سەپاندنی تێچووەکانی پەروەردە بەسەر بنەماڵەکاندا، بەتایبەت لە دۆخی هەژاری و قەیرانی ئابووریدا، دەتوانێت مافی یەکسانی منداڵان بۆ خوێندن و پەروەردە بخاتە مەترسییەوە؛ مافێک کە دەستڕاگەیشتن پێی نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی باری دارایی و توانای ماڵیی بنەماڵەوە.
