هانا: قسەکانی فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەت لە سەر سنوور خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی نیگەران کردووە.
ئەحمەد گوودەرزی فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنوور لە کاتی سەردانی کرماشان رایگەیاند: لە سێ – چوار ساڵی داهاتوودا شاهیدی دیاردەیەکی پیرۆز و دڵخۆشکەر دەبین. ئەویش تەرخان کردنی بودجەیەکە بۆ سنوورەکان بۆ بینا کردنی سەنگەر، بورجەک، پاسگە، جادە و رێگا و بنکەی زیاتر لە سەر سنوورەکان و ئیتر بە تەواوی سنوورەکان دادەخەین و رێگە نادەین کەلوپەل و پێداویستییەکانی خەڵک وەک، ئاژەڵ، مریشک، ئارد، رۆن و… لە سنوورەکانەوە ببرێنەدەر و لە راستیدا ئەمانە هێڵی سوورن و ئەو کەسانەش کە قاچاغی ئەم کاڵایانە دەکەن بە توندی بەرەروویان دەبینەوە.
وتەکانی ئەحمەد گوودەرزی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنووری نیگەران کردووە چونکە ئەم وتانە بە ئاشکرا رەوایی دانە بە کوشتاری کۆڵبەران و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەل و کاڵای کۆڵبەر و کاسبکاران لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە.
شایانی باسە، دەوڵەتی رەئیسی رایگەیاندبوو یەکێک لە هۆکاری بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بەقەول چاکسازی نرخەکان کە ئاکامەکەی گرانی هەوسارپساوی لە ئێراندا بەدواداهات، بۆ بەرگرتن بە قاچاخی شتومەک و کاڵا سەرەکییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە خەڵکی کوردستان بە هۆی فەقر و هەژاری سیستماتیک بە ناچار پەنا دەبەنە بەر کۆڵبەری.
خەڵک لەم باوەڕەدان ئەم بارودۆخە خراپەی ژیان بەرهەمی بێکاری و دابین نەکردنی هەلی کار، ئابووری رەمەکی و سیاسەتی هەڵەی حکومەتە بەرامبەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ناردنی سامان و دارایی ئێرانە بۆ پشتیوانی لە ترۆریزم و گورووپە ئیسلامییەکانی سەر بە حکومەتی ئێران.
