هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠١-(١٩ی مەی ٢٠٢٢)، حەوت چالاکی مەدەنی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری کەمپەینی خێرخوازی “ژیانەوە” بە تۆمەتی “پێکهێنانی گوروپی نایاسایی” هەرکامیان سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
ئەم بڕیارەی دادگا لە ئەنجامی سێ کۆبوونەوەدا بە سەرۆکایەتی قازی "سەعیدی" دراوە و ئەو کۆبوونەوانەش لە مانگەکانی خەزەڵوەر، رێبەندان و دوایین کۆبوونەوەش لە ٢٣ی رەشەمەی ١٤٠٠دا بەڕێوەچووە و بە تۆمەتی "پێکهێنانی گوروپی نایاسایی" بەپێی مادەی ٤٩٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی سزا دراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، "مەرزییە مرادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، مەهدی سەیفی، فەردین رەحیمی، قانع خاتری و عەلی ئەڵڵاوەیسی هەرکامیان سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە و "عەتائوڵڵا رەزاروبابی" دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بە شێوەی هەڵپەسێردراوە.
شایانی باسە "مەرزییە مرادوەیسی و قانع خاتری" لە رێگای پارێزەرەکانیانەوە لە بڕیاری دادگا ئاگادار کراونەوە و ئەوانی دیکەش بانگ کراونە دادگای "ئینقلاب"ی سنە و لەوێ سزاکەیان پێ راگەیاندوون و دادگا خۆی لە ناردنی سزاکە لە ڕێگای پۆست و نامە پاراستووە.
ئەم شارۆمەندانە رۆژی شەممە ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون. هەروەها جێگای ئاماژەیە هەر حەوت کەسەکە لە کاتی بەندکراندا لە مافی پارێزەر بێبەش بوون.
بەپێی بەندی ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ گرتن و سزادانی ئەم شارۆمەندانە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
