هانا: رۆژی هەینی ١٠ گوڵانی ١٤٠١ – (٣٠ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، یەکێکی تر لە چالاکانی کرێکاری بە ناوی “عوسمان ئیسماعیلی” خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی راپۆرتەکان ١١ کەس لە هێزە ئەمنییەکان و مەئموورانی "لیباس شەخسی" کاتژمێر ١٠ی بەیانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "عوسمان ئیسماعیلی" و سەرەڕای ئەوەی خۆی لە ماڵ نەبووە، جگە لە پشکنینی ماڵەکەی دەستیان گرتووە بەسەر بەشێک لە کەلوپەلەکانی ماڵی ئەم شارۆمەندە کوردە. دواتر کاتێک "عوسمان ئیسماعیلی" بەرەو ماڵ چووەتەوە، لە رێگادا بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە گرتوویانە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ دادگا. دواتر لەوێ قازی "کێشک" بە دانانی بارمتە رەوانەی بەندیخانەیان کردووە.
هەروها رۆژی هەینی ٩ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٩ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، یەکێکی دیکە لە چالاکانی کریکاری بە ناوی "دلێر ئەسکەندەری" خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ناوەندی هەواڵی ئیتلاعات لە سنە بانگ کراوەتە ئەو ناوەندە.
شایانی باسە دوای چەند کاتژمێر لێپێچینەوە و پرسیار و جواب، هەڕەشەیان لی کردووە نابێ لە رێوڕەسمی رۆژی جیهانی کرێکاردا بەشداری بکا.
