هانا: چەند خولەک لەوەپێش (سەرلەبەیانی شەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠١)، کاروانێک لە کۆڵبەران لە سەر سنووری نەوسوود لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێرانەوە تەقەیان لێ کراوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە سەر سنووری نەوسوود بێ ئاگادار کردنەوە و دەنگدان دەسڕێژیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی "سەفەر سوبحانی" خەڵکی ئاوایی "دوریسان" لە ناوچەی پاوە گیانی لەدەستداوە و لانیکەم چوار کەسیش بریندار بوون. شایانی باسە ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.
هەروەها ناسنامەی ئەو کۆڵبەرانەی بریندار بوون بەم جۆرەیە: "موبین حامیدی" خەڵکی ئاوایی "دشە" لە ناوچەی پاوە و "فەرشید قادریزادە" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی ئاوایی "دشە" لە ناوچەی پاوە، "فەرهان مینایی" تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی و "رامین باوەجانی" تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سەلاسی باوەجانی.
