سنە: سەرجەم کرێکارانی شەریکەی واشێرسازی لە کار دەرکران 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سنەوە، سەرجەم کرێکارانی شەریکەی واشێرسازی برایانی “کابلە سوور” لە کار دەرکراون. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم کرێکارانە کە نزیکەی ٨٠ کەسن لە رێگای پێوەندییەکی تەلەفونییەوە ئاگادار کراونەوە کە هەقیان نییە بگەڕێنەوە کارخانە و هێزەکانی ئیتلاعاتی سنەش هەڕەشەی لەو کرێکارانە کردووە نابێ راگەیاندنەکان لەم بابەت ئاگادار بکرێنەوە. 

شایانی باسە، پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر ئەم بابەتە راپۆرتێکی بڵاوکردبۆوە.  شەریکەی واشێرسازی "کابلە سوور" لە گەڕەکی پیشەسازی ژمارەی ٣ی سنە هەڵکەوتووە و لە رۆژانی رابردوودا بەشێک لە کرێکارانی ئەو شەریکەیە لەلایەن خاوەنکارەوە ئاگادار کرابوونەوە و پێیان راگەیەندرابوو هۆکاری دەرکرانیان چوونەسەری هەقدەستی کرێکاران و نەبوونی بوودجەی کارخانەکە بۆ دانی هەقەدەستی کرێکارەکانە. 

ئەمە لە حاڵێکدایە، دەرکردنی کرێکاران رێوشێنی یاسایی تایبەت بە خۆی هەیە و خاوەنکاران بەرپرسن بۆ رەچاوکردنی ئەم یاسایە و رەچاونەکردنی ئەم یاساگەلە، پێشێل کردنی مافی کرێکارانە و نایاساییە و دەبێ خاوەنکار جوابدەرەوە بێ. 

شایانی باسە هەقەدەستی کرێکاران لە ئێران ساڵی ١٤٠١ لەلایەن ئیدارەی کارەوە پێنج میلیۆن شەشسەد و هەفتاونۆهەزار و دووسەد و پەنجا تمەن راگەیەندراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە بەپێی ئەو بەراوردانەی کراون، بەپێی راگەیەندراوی شووڕای باڵای کار، لە ساڵی ١٤٠١دا لانیکەمی بووجەی بنەماڵەیەکی کرێکاری ٨،٩٧٩،٨٢٠ تمەن دیاری کراوە. لەگەڵ ئەوەیدا کە ئەمە لانیکەمی بووجەی دیاریکراوە بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەیەک، بەڵام بە بڕوای چالاکانی کرێکاری ئەم رێژەیەی کە لەلایەن ناوەندە دەوڵەتییەکانەوە بۆ هەقدەست و بژیوی مانگانەی کرێکاران دیاریکراوە، نرخێکی راستەقینە نییە و بەپێی چوونەسەری نرخی پێداویستییەکانی ژیان دیاری نەکراوە و نرخی مانگانەی بەڕێچوونی ژیان لەلایەن سەندیکاکانی سەربەخۆی کرێکارییەوە ١٦ میلیۆن لە مانگدا راگەیەندراوە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular