هانا: ڕۆژی شەممە ۳ی گوڵانی ۱٤۰۱- (٢٣ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی “سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە لە یەکێ لە شەقامەکانی شاری بۆکان شارۆمەندێک قسەی بە ئایینی ئیسلامی و قوڕئان گوتبوو، هێزەکانی ئیتلاعات بە تۆمەتی "سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام" دوای چەند ساتێک گرتبوویان و تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناوی ئەم شارۆمەندە و چارەرنووسی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
جێگای ئاماژەیە، بە هۆی ئابووری داڕماوی ئێران لە ئاکامی سیاسەتەکانی حکومەتی ئیسلامیدا و بارودۆخی خراپی بەڕێچوونی خەڵک، هەژاری، بێکاری و هەروەها بە هۆی هەڵاواردنی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و… دەرهەق بە خەڵکی کوردستان، کۆمەڵگای ئێران و کوردستان لە چەنگ ئەم حکومەتە و کاربەدەستەکانی وەزاڵە هاتوون و بە هۆی ئەوەش حکومەتەکە ئیسلامییە و ٤٣ ساڵە هەر بە ناوی "حکومەتی خودا"، "نوێنەرانی خودا لە سەر زەوی"، "حکومەتی ئیمامی زەمان" و هەروەها لە ژێر ناوی ئیسلام و شەرع و یاسا و ریساکانی ئایینی ئیسلامدا خەڵک دادەپۆڵسن و دادەڕووتێنن، زۆڵم و زۆر و زیندان و سێدارەش هەر لەلایەن ئەم حکومەتە ئیسلامییەوە دەکرێ، بێزارییەکی زۆری لە دژی ئەم جۆرە حکومەتە و یاسا و رێساکانی دروست کردووە.
ئەم رووداوەش لە بۆکان یەکەم رووداو لە ئێران و کوردستان نییە و جۆرێک لە تووڕەیی و بێزاری خەڵک و کاردانەوە بەم شێوازە لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و وڵاتە. هەر بۆیە هەر جۆرە لێپرسینەوە و دادگاییەکی ئەم شارۆمەندە، ئەگەر ئەم گیروگرفتانەی کۆمەڵگای ئێران کە لە سەرەوە بە کورتی ئاماژەی پێکرا لەبەرچاو نەگیرێ، پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی ئینسانیی ئەم شارۆمەندەیە و مافی بێ ئەملاولاو ئەویش و هەر هاووڵاتییەکە لە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەردا لێپرسینەوە و دادگایی بکرێ.
