هانا: “ران مەک کەنن” ئەندام پاڕڵمانی کەنەدا بە ناردنی نامەیەک بۆ دادستانی گشتی سنە و نوێنەرایەتی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خوازیاری پێداچوونەوە بە سەر بڕیاری دادگا و پەروەندەی “زارا محەممەدی” چالاکی مەدەنیدا بووە کە ئێستا لە بەندیخانەی سنە بەندکراوە.
"ران مەک کەنن" لە درێژەی نامەکەیدا وتوویە: "من وەک یەکێک لە ئەندامانی لێبوردنی نێودەوڵەتی شاهیدی ئەوەم ئێوە داواکاریی "زارا محەممەدی"تان لە هەمبەر پێداچوونەوە بە پەروەندەکەی و بڕیاری دادگا رەت کردووەتەوە".
هەروەها ناوبراو لە پێوەند لەگەڵ بڕینەوەی سزای درێژماوە و قورس بۆ چالاکانی نەتەوە ژێردەستەکانی ئیران، رەخنەی لە رەفتاری حکومەتی ئیران گرتووە و دەڵێ: "ئێران لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکوم کراوە بەوەی مافی کەمینە و نەتەوەکانی ئێران پێشێل دەکا، هەروەها پرسە سیاسییەکان لە بڕیاری دادگاکاندا رەنگدەداتەوە و سزای قورس و درێژ ماوە بۆ بەندکراوان لە سەر جۆری بیرکردنەوە و پرسی سیاسی دەبڕنەوە".
