ورمێ: رووخاندنی ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو کە خاوەنی دوو فرزەندی خاوەنپێداویستی تایبەتە

هانا: بەپێی راپۆرتێک کە بە هانا گەیشتووە، رۆژی ١٥ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٧ی ئۆکتوبری ٢٠٢١)، ماڵی شارۆمەندێکی بەساڵاچوو لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە رووخاوە و وێران کراوە. 

ئەو خانوبەرەیە ماڵی ژنێکی بەساڵاچووی کورد بووە لە گەڕەکی "ئیسار"ی ورمێ و خاوەنی دوو منداڵی خاوەنپێداویستی تایبەتە. بە رووخاندنی ئەم ماڵە ئێستا ئەم دایکە پیرە بەو منداڵانەوە بێ ماڵ و حاڵ کراون و شارەوانی و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانیش هیچ ئەرکێک جگە لە وێراکردنی ماڵەکەیان وەئەستۆ نەگرتووە. 

جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، لە بەندی ٢٥دا مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری و بێ ماڵ و حاڵیدا، ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 

خاڵی دوویەم: دایکان و منداڵان مافی ئەوەیان هەیە یارمەتی و چاوەدێری تایبەتییان بۆ تەرخان بکرێ. هەموو منداڵێک چ ئەوانەی بەرهەمی ژیانی هاوبەش بن، یان ئەوانەی بە بێ پێکهێنانی ژیانی باوبەش لە دایک بوون، مافی ئەوەیان هەیە وەک یەک و یەکسان لە باری کۆمەڵایەتییەوە پشتگیری و پشتیوانییان لێ بکرێ و لە مافەکان بەهرەمەند بن. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular