میدیا حوکومییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ماددەی ٢٢ی لە گەڵاڵەی ناسراو بە (بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکان و دەوڵەتان یان دامەزراوە بێگانەکان) پەسەند کردووە؛ پەسەندکراوێک کە بەپێی ئەو، چاوپێکەوتن و بەشداریی هاووڵاتییانی ئێرانی لە وتووێژ لەگەڵ ئەو میدیا یاخود (مرۆڤـمیدیا)یانەی کە وەزارەتی ئیتڵاعات وەک (نەیار) دەستنیشانیان دەکات و بە فەرمی ڕایاندەگەیەنێت، قەدەغەیە و سزای بەدوادا دەبێت.
بەپێی ئەم پەسەندکراوە، ئەم قەدەغەکارییە ئەو میدیانەش دەگرێتەوە کە لەژێر خاوەندارێتی یان بەڕێوەبەرایەتیی کەسانی پەیوەندیدار بە هەندێک لە دەوڵەتە بیانییەکان دان یان لەلایەن ئەوانەوە دابینی دارایی دەکرێن. پێشێلکردنی ئەم ماددەیە دەتوانێت ببێتە هۆی سەپاندنی یەک یاخود چەند سزایەکی دەرەجە شەشی ماددەی ١٩ی یاسای سزای ئیسلامی، لەوانە حوکمی حەبس لە شەش مانگ هەتا دوو ساڵ، سزای نەختی، سزای شەلاق و بێبەشبوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە ڕاشکاوی لەم قەدەغەکارییە جیا کراونەتەوە.
هاوکات، مەجلیس کۆمەڵێک ڕێسای پەسەند کردووە کە بەپێی ئەوان گواستنەوەی زانیاری، ڕاپۆرت، دراوەکان (داتاکان) یان ئامارە فەرمییە بڵاونەکراوەکان بۆ ئەو کەسانەی کە لەم گەڵاڵەیەدا بە (کارگوزاری بێگانە) ناو براون، دەتوانێت سزای حەبسی دەرەجە چوار و بێبەشبوونی هەمیشەیی لە شۆغڵ و کاری تایبەتمەند و پەیوەندیداری بەدواوە بێت. ئەم ڕێسایانە بە شێوەیەکی بەرچاو بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەی کەیفەری و قەزایی لەگەڵ پەیوەندییە میدیایییەکان و گواستنەوەی زانیاریدا فراوانتر دەکەنەوە.
مەترسیی سەرەکیی ئەم پەسەندکراوە لەوەدایە کە تەنیا قسەکردن و وتووێژ لەگەڵ میدیایەک دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ بەدواداچوونی کەیفەریی هاووڵاتییان، بەبێ ئەوەی بە ناچاری هیچ ڕەفتارێکی تاوانکاریی سەربەخۆی دیکە لەلایەن تاکەکەسەکەوە ئەنجام درابێت. سپاردنی دەستنیشانکردنی میدیا (نەیارەکان) بە وەزارەتی ئیتڵاعات، دەسەڵاتێکی فراوان دەخاتە بەردەست دەزگایەکی ئەمنییەتی و دەتوانێت ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی، پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، بنەماڵە دادخوازەکان، پسپۆڕان و سەرچاوە هەواڵییەکان بخاتە مەترسیی دەستبەسەرکردن و لێپێچینەوەی قەزایییەوە.
ڕێسای لەم چەشنە دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی خۆسانسۆری، پچڕانی پێوەندیی سەرچاوەکانی ناوخۆی ئێران لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات و بەرتەسکبوونەوەی بڵاوبوونەوەی زانیاری سەبارەت بە دەستبەسەرکردنەکان، ناڕەزایەتییەکان و حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. کەڵکوەرگرتن لە چەمکە ناڕوون و فرەماناکانی وەک( نەیار، مرۆڤـمیدیا و کارگوزاری بێگانە) ئەم نیگەرانییە زیاتر دەکات کە یاسا ببێتە ئامرازێکی نوێ بۆ ئەمنییەتیکردنی ڕاگەیاندن و خستنەگەڕی گوشار بۆ سەر ئەو هاووڵاتییانەی زانیاریی سەربەخۆ دەخەنە بەردەستی بیروڕای گشتی.
