بانە: کوژرانی کۆڵبەرێکی تر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت

هاوکارانی هانا لە بانەوە ئاگاداریان کردین، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خرمانانی ١٤٠٠ – (١٦ی سپتەمبری ٢٠٢١)، کاروانێکی کۆڵبەران کەوتە هێرشی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک پێکرا و گیانی لەدەستدا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "محەممەد ئەمین قادری" کوڕی حەلاو ئەحمەدی و سەلاح، خەڵکی بانە راگەیەندراوە و هەروەها ناوبراو خێزاندار و باوکی کچێک بووە. 
محەممەد ئەمین قادری لە کاتی کۆڵبەریدا لە سەر سنووری ئێران و عێڕاق لەگەڵ کاروانێکی دیکە لە کۆڵبەران، کەوتووەتە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران و لە ئاکامدا پێکراوە و گیانی لەدەستداوە. 

بەگوێرەی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە سەرەتای مانگی سپتەمبرەوە تا ئەمڕۆ واتە لە ماوەی ١٦ رۆژدا ١٩ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراون و بریندار بوون و کچێکی ٤ ساڵانیش بریندار بووە.  

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

خاڵی یەکەم لە بەندەکانی ٢٣ و  ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، مافی کار و مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٣: 
خاڵی یەکەم: هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کار بکا، کاری خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، خوازیاری هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و جێگای رەزامەندی خۆی بۆ کار کردن بێ و لە بەرامبەر بێکاریشدا پشتیوانی لێ بکرێ. 
خاڵی دوویەم: هەمووان مافی ئەوەیان هەیە بە بێ هەر جۆرە جیاوازی و هەڵاواردنێک، لە بەرامبەر کاری یەکساندا هەقدەستی یەکسان وەرگرن.  
خاڵی سێیەم: هەر کەسێک کار دەکا مافی خۆیەتی هەقدەستێکی گونجاوی لە بەرامبەردا وەرگرێ کە کەڕامەتی ئینسانییەکەی بپارێزێ و جێگای رەزامەندی خۆی بێ و ژیان و بەڕێچوونی خۆی و بنەماڵەکەی دابین بکا و ئەگەریش پێویست بکا (واتە بەشی نەکردن) بە باقی شێوەکانی مافی کۆمەڵایەتی بۆی پڕ یا قەرەبوو بکرێتەوە. 
خاڵی چوارەم: هەر کەسێک مافی خۆیەتی بۆ پاراستنی مافەکانی سەندیکا دامەزرێنێ یا ببێتە ئەندامی سەندیکای دیکە. 

بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 
خاڵی دوویەم: دایکان و منداڵان مافی ئەوەیان هەیە یارمەتی و چاوەدێری تایبەتییان بۆ تەرخان بکرێ. هەموو منداڵێک چ ئەوانەی بەرهەمی ژیانی هاوبەش بن، یان ئەوانەی بە بێ پێکهێنانی ژیانی باوبەش لە دایک بوون، مافی ئەوەیان هەیە وەک یەک و یەکسان لە باری کۆمەڵایەتییەوە پشتگیری و پشتیوانییان لێ بکرێ و لە مافەکان بەهرەمەند بن. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular