هانا: بەگوێرەی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە رۆژانی رابردوودا سێ شارۆمەندی کورد لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا لە کرماشانەوە، کریکارێک بە ناوی "مەحموود گودەرزی" خەڵکی کرماشان کە لە ئەهواز کاری دەکرد بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار، تووشی رووداوی کار بووە و بە هۆی ئەوەی تەزووی کارەبا گرتویەتی گیانی لەدەستداوە.
هەروەها لە هەفتەکانی پێشوودا کڕیکارێکی دیکە بە ناوی "موختار گوڵچێهرە" خەڵکی گوندی "شمشێر" لە ناوچەی پاوە لە کاتی رنینی میوە بە هۆی ئەوەی لە دار بەربۆتەوە گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، "رەحمان سووری" خەڵکی گوندی "چۆڕ"ی سەر بە مەریوان و لە کاتی کێڵانی زەوی بە هۆی وەرگەڕانی تەراکتۆر بە سەختی بڕیندار ببوو و دوای دوو حەوتوو چاوەدێری پزیشکی رۆژی یەکشەممە ۲۱ خەرمانانی ١٤٠٠ – (١٢ی سپتەمبری ٢٠٢١) گیانی لەدەستدا.
پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.
