سێ رێکخراوی چالاکی مافی مرۆڤ لە کوردستان هێرش و هەڕەشەکانی سپای پاسداران دژی حزبەکانی کوردستان مەحکوم دەکەن.
هەر وەک ئاگادارن، لە ماوەی رۆژانی پێنجشەممە تا شەممە ١٨، ١٩ و٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ – (٩، ١٠ و١١ی سپتەمبری ٢٠٢١)، دڕۆن و تۆپخانەی هێزی زەوینی سپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران، چەند ناوچەیەک لە سەر سنوور و خاکی هەرێمی کوردستان بۆ وێنە "سیدەکان، بەربەزێن، چۆمان و بەرزاییەکانی حاجی عۆمەران"یان بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی حزبە کوردەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران، داوەتە بەر هێرشی توند.
ئەم هێرشانە بووەتە هۆی گەیاندنی زەرەر و زیانی زۆر بە ژینگە، پێکهێنانی ترس و سام و زیانی ماڵی بە دانیشتوان و خەڵکی ناوچە سنوورییەکان.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە لە رۆژانی رابردوودا "محەممەد پاکپوور" فەرماندەی هێزی زەوینی سپای پاسداران، هەڕەشەی لە حزبەکانی کوردستان و دانیشتوانی دەوروبەری بنکە و بارەگای حزبەکانی کوردستان و ئوردوگای مەدەنی پەنابەرانی سیاسی کردبوو. ئەمە یەکەم جار نییە کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشە لە حزبەکان و چالاکانی سیاسی نەیاری خۆی دەکا و هێرشیان دەکاتە سەر بەڵکوو ناوەندە ئەمنی و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر جارەی بە بیانووی پێکهێنانی ئەمنییەت یا بوونی هێزی پێشمەرگەی حزبەکانی کوردستان لە سەر سنوورەکان، دەست دەکا بە تۆپباران و هیرشی ئاسمانی و ئەم کردەوانە زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی زۆری بە هاووڵاتییان و دانیشتوانی ناوچەکان گەیاندووە.
هەر بۆیە، ئێمە ڕێکخراوەکانی چالاک لە بواری مافی مرۆڤ لە کوردستان، هێرشی سەربازی و چەکداری بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و هەروەها بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کۆمەڵگای جیهانی لە بەرامبەر ئەم جۆرە کردەوانەدا بە تووندی مەحکووم دەکەین و وێڕای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خوازیاری کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر چالاکانی سیاسی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانین. هەروەها لەو بڕوایە داین کە چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای تیرۆر، ئیعدام، دەستبەسەرکردن، هێرشی نیزامی و هەڕەشەکردن چارەسەر نابێت و دانپێدانان بە خواستی نەتەوەی کورد و پێدانی مافی ڕەوا، یاسایی و سرووشتی کورد و چارەسەری ئاشتیانەی پرسیی کورد تەنیا ڕێگایەکە کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە درووست دەکات.
ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
٢١ی خرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٢ی سپتەمبری ٢٠٢١ی زایینی
