هانا: رۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٤ی ژولای ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد سزای ٩ ساڵ بەند کرانی بەسەردا سەپا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "سامان کەریمی" خەڵکی بانە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ناوبراو ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٧ لە "تەپەی سلێمان بەگ"ی بانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرابوو. بەگوێرەی بڕیاری دادگا ناوبراو بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک و پیلان دژی ئەمنییەتی وڵات" ٤ ساڵ بەند کرانی بۆ ىراوەتەوە و بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حزبێکی کوردی نەیاری حکومەتی ئیسلامی" ٤ ساڵ بەند کرانی بە سەردا سەپاوە و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران" ساڵێک زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و لە سەر یەک ٩ ساڵ بەند کران بە سەر "سامان کەریمی"دا سەپاوە.
هەروەها شارۆمەندێکی دیکە ٢ ساڵ بەند کرانی بەسەردا سپاوە. ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "سەلاح بەهرامیان" خەڵکی ئاوایی "گوندەوێڵە" لە ناوچەی شنۆ راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بۆ هانا هاتوون، ناوبراو مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و رۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٢٤ی ژولای ٢٠٢١)، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شنۆوە ٢ ساڵ بەند کرانی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران بە سەردا سپاوە.
چالاکی سیاسی و مەدەنی، ئەندامەتی لە ئەنجومەن و رێکخراو و حزبدا بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە) لە سەرەتاییترین مافەکانی ئینسانە بەڵام لە کوردستانی ئێران تاوانە و سزای قورسی هەیە.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.
لە پێوەند لەگەڵ ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی تاک لە کۆمەڵگادا، بەندەکانی ٣، ٩، ١١، ١٩، ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەم جۆرەی خوارەوە دەڵێ:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
